کۆتایی هات.. ئیساک دەچێتە لیڤەرپوول و رێکەوتن کرا


رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، مشتومڕ و بێنەوبەردەی چوونی ئەلیکساندەر ئیساک بۆ یانەی لیڤەرپوول کۆتایی هات و هەردوو یانە لەبارەی گواستنەوەی یاریزانەکە رێکەوتن.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا، لە چەند کاژێری رابردوودا لیڤەرپوول و نیوکاسڵ لەسەر گواستنەوەی ئیساک رێکەوتوون و هەموو شت کۆتایی هاتووە، تەنیا راگەیاندنی فەرمیی ماوە.
 
لەماوەی رابردوودا، چوونی ئیساک بۆ لیڤەرپوول مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە، پاشئەوەی نیوکاسڵ دەستەوارەی 120 ملیۆن پاوەندی لیڤەرپوولی رەتکردەوە بۆ بەدەستهێنانی یاریزانەکە و یاریزانەکەش سووربوو لەسەر رۆیشتن بۆ ریزەکانی رێدز.
 
ئیساک لەسەرەتای ئامادەسازییەکانی نیوکاسڵەوە بۆ وەرزی نوێ، بەشداریی لە مەشقەکاندا نەکرد و سووربوو لەسەر رۆیشتن.
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، لیڤەرپوول لە کۆتاییدا توانیویەتی نیوکاسڵ رازی بکات بەرێگەدان بەڕۆیشتنی ئەلیکساندەر ئیساک بۆ ریزەکانی بەرامبەر بە 125 ملیۆن پاوەند.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، لیڤەرپوول دانوستاندنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی نیوکاسڵ چڕکردووەتەوە لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە و کۆی گواستنەوەکە 130 ملیۆن پاوەند لەسەر لیڤەرپوول دەکەوێت.
 
پێشبینیکراوە ئیساک پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پشکنینە پزیشکییەکان لە لیڤەرپوول ئەنجام بدات و دواتر گرێبەستەکەی کە بۆ ماوەی شەش وەرزە دەبێت، لەگەڵ یانە نوێیەکەی واژۆ بکات.
 
ئیساک دەبێتە گرانترین گرێبەستی مێژووی پرێمەرلیگ و ژمارەی پێوانەیی پێشووی گرانترین گرێبەستی خولەکە کە تێچووی چوونی فلۆریان ڤێرتز بوو بۆ لیڤەرپوول بەرامبەر 120 ملیۆن پاوەند تێدەپەڕێنێت.