ڤیدیۆ؛ دۆرتموند یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بۆرووسیا دۆرتموند یەکەم بردنەوەی لە رکابەرییەکانی وەرزی نوێی بوندێسلیگادا تۆمارکرد و لە یانەی یونیەن بەرلینی بردەوە.
 
دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا یەکسانبوو، بۆرووسیا دۆرتموند لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یونیەن بەرلینی کرد.
 
خاوەن یاریگە هەر زوو هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی دەستپێکرد و سێرهۆ گێراسی هەلێکی ئاسانی بۆ گۆڵ کردن لەدەستدا.
 
بەر لە تەواوبوونی نیوەی یەکەمی یارییەکە گێراسی خاوەن یاریگەی پێشخست و گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 58 هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی زەردپۆشەکانی بەشێوەیەکی جوان تۆمارکرد.
 
فلێکس نمیچا لە خولەکی 81 بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی یونیەن بەرلینی هەژاند و بۆرووسیا دۆرتموند لە دووەم یارییدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد.