بارسا و سانجێرمان، ناکۆکییەک نەیمار ئاگرەکەی خۆشکرد
رووداو دیجیتاڵ
رووبەڕووبوونەوەی ئەمشەوی نێوان بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگ، لەسەر یاریگەی مۆنتوجویک، سەرنجێکی زۆری لەسەرە دەبێت، بەشێکی بەهۆی هێزی هەردوو یانەوە، بەشێکی دیکەی بەهۆی ئەو ململانێ و ناکۆکییە مێژینەیەی لە نێوان هەردوو یانەدا هەیە.
چیرۆکی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو یانە بۆ 2017 دەگەڕێتەوە، کاتێک بارسێلۆنا چووە نێو دانوستاندن لەگەڵ مارکۆ ڤێراتی ناوەڕاستکاری پاریس سانجێرمان، بەڵام بەرپرسانی ئەو یانەیە دەستەوارەکەیان رەتکردەوە و بەیاریزانەکەیان راگەیاند، "ئێمە گرێبەست لەگەڵ نەیمار دەکەین و گرێبەستی تۆش نوێدەکەینەوە، بەڵام دەبێ بەڕێوەبەری کارەکانت دەربکەیت".
ڤێراتی بەقسەی بەرپرسەکانی یانەکەی کرد و کارەکە بەپێی پلانی یانەکە بەڕێوەچوو.
سانجێرمان دەستی بەڤێراتییەوە گرت و مووچەیەکی باشی دایە، ئومێدەکانی بارسای بۆ بردنی یاریزانەکە کۆتایی پێهێنا.
ئەو رووداوە بەرپرسانی سانجێرمانی زۆر تووڕەکرد، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە لەپێناو رازیبوون بەمانەوە، دەبوو مووچەکەی زیاد بکرێت.
هاوینی هەمان ساڵ، هەموو شت گۆڕا، کارگێڕیی سانجێرمان لە بارسا سووڕانەوە و لە ئیسپانیا لەگەڵ نوێنەرانی نەیمار داسێلڤا کۆبوونەوەیان کرد، پاشان 222 ملیۆن یۆرۆی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەیان بۆ یانە کەتەلۆنییەکە نارد و گرێبەستەکە دونیای تۆپی پێی وەک گرانبەهاترین گواستنەوە لە مێژوودا هەژاند.
گرێبەستی سانجێرمان لەگەڵ نەیمار، سیانەی مێژوویی نەیمار، سوارێز و مێسی لە بارسێلۆنا هەڵوەشاندەوە.
لە رووداوێکی دیکەدا، پاریس سانجێرمان گورزێکی دیکەی لە بارسێلۆنا وەشاند، پاشئەوەی لەناکاو خۆیکرد بەنێو دانوستاندنەکانی یانە کەتەلۆنییەکە لەگەڵ جۆرینیۆ ڤایناڵدۆم کە چوار هەفتەبوو لەنێوان یاریزانەکە و بارسادا بەردەوامبوو.
ڤایناڵدۆم لە کۆتاییدا روویکردە یانە پاریسییەکە.
ئەو یاریزانە بەرلە دەستپێکردنی یەکەم یاریی هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە یۆرۆی 2020 لە دژی ئۆکراینا گوتی، بڕیارێکی دیکەمدا، کارەکە قورس بوو، چونکە بۆ ماوەی چوار هەفتە لە دانوستاندندابووم لەگەڵ بارسا، بەڵام نەگەیشتینە بڕیاری کۆتایی، پێموابوو دەچمە بارسا، لەبەرئەوەی تاکە تیپ کە داوای منی دەکرد ئەوان بوون، بەڵام سانجێرمان بۆ من باشتربوو و لە بڕیارداندا خێراتر بوو و پڕۆژەکەیانم بەدڵ بوو.
کاتێک بارسێلۆنا ساڵی 2020، رۆیشتنی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یەکەمی لە تیپەکە راگەیاند، پاریس سانجێرمان سەرکەوتوو بوو لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو ئەفسانەیە و بردنی بۆ پاڵ نەیمار، ئەو دوو وەرز لەوێ مایەوە، بەرلەوەی رووبکاتە ئینتەرمەیامیی ئەمریکی.
سانجێرمان لە گورز وەشاندن لە یانە کەتەلۆنییەکە بەردەوامبوو، بەر لە دەستپێکردنی وەرزی 2023 - 2024 بڕی 50 ملیۆن یۆرۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی عوسمان دێمبێلێ ناردە یانە کەتەلۆنییەکە و ئەو یاریزانەی گواستەوە ریزەکانی.
دێمبێلێ کە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر باڵۆندۆری بەدەستهێنا، لەگەڵ سانجێرمان ئاستێکی ناوازەی پێشکێشکرد و بووە ئەستێرەی یەکەمی سانجێرمان.
لەوکاتەوەی نەیمار لە بارساوە روویکردووتە سانجێرمان، هەردوو یانە چوارجار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە و یانە پاریسییەکە دووجار بەئەنجامی 4 - 1 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و یارییەک دۆڕاوە و یارییەکیش یەکسانبووە.