ڤیدیۆ؛ ئیبراهیمۆڤیچ ریکۆردی نوێی تۆمارکرد و لە مۆرینیۆی بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ بە تۆمارکردنی ریکۆردی نوێ، سەرکردایەتی بردنەوەیەکی گرنگی یانەی میلانی کرد و خۆیشی چووە نێو مێژووی سێریا ئەی.
 
یانەی ئەیسی میلان لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و بەسەرکردایەتی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی رۆمای بردەوە.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی یازدەی سێریا ئەی لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ بەڕێوەچوو، میلان بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ بەلێدانێکی راستەوخۆی بەهێز گۆڵی رۆمای هەژاند و میلانی پێشخست، نیوەی یەکەم تەنیا ئەو گۆڵەی بەخۆیەوە بینی.
 
لە نیوەی دووەمدا یارییەکە رکابەرییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینی، فرانک کیسی بەلێدانی سزا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 66 تیۆ هێرناندێز بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
لە خولەکی 90 ستیڤان شەعراوی ئەنجامەکەی بۆ رۆما کەمکردەوە، بەڵام بێ سوود بوو و مۆرینیۆ و رۆما لە یاریگەی خۆیاندا دۆڕان.
 
ئیبراهیمۆڤیچ بەو گۆڵەی بەرامبەر رۆما تۆماریکرد، ژمارەی گۆڵەکانی بەرامبەر ئەو یانەیە گەیاندە 13 گۆڵ کە بەرامبەر هیچ یانەیەکی دیکەی ئیتاڵیا ئەوەی نەکردووە.
 
زلاتان لە مێژووی یارییکردنیدا لە خولی ئیتاڵیا 150 گۆڵی تۆمارکردووە، ژمارەی گۆڵەکانیشی لە خولەکانی ئەوروپادا بۆ 400 گۆڵ بەرزکردەوە.
 
ئەو 400 گۆڵەی تۆماریشکردووە بەمشێوەیە بووە
 
150 گۆڵ لە سێریا ئەی
113 گۆڵ لە خولی فەرەنسا
53 گۆڵ لە خولی ئەمریکا
35 گۆڵ لە خولی هۆڵەندا
17 گۆڵ لە پرێمەرلیگدا
16 گۆڵ لە لالیگادا
16 گۆڵ لە خولی سوێد
 
میلان لەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە 11 یارییدا 10 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە، کە هەمان ژمارەی خاڵەکانی ناپۆلیی هەیە، بەڵام رۆسۆنێری بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمە.