ڤیدیۆ؛ میدیای کەتەلۆنیا هەواڵی مەترسیدار لەبارەی پێکانەکەی لامین بڵاودەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی نزیک لەیانەی بارسێلۆنا ئاشکرایانکردووە، پێکانەکەی لامین یامال بووەتە پێکانێکی درێژخایەن و ئەگەری چاکبوونەوەی خێرای ئەو یاریزانە بەمەحاڵ دەزانن.
لامین کە ماوەیەکە بەدەست ئازاری ماسوولکەکانی بەر سکییەوە دەناڵێنێت، لە چەند یاریی رابردووی بارسێلۆنادا ئاستی پێویستی پێشان نەدا و لە کلاسیکۆدا، دەرکەوتنی یامال رووبەڕووی پرسیاری زۆر بووەوە بەهۆی ناکاریگەریی و بێتوانایی لە هاوکاریکردنی تیپەکەی.
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، پێکانەکەی لامین لە دۆخێکی ئاساییەوە بووەتە حاڵەتێکی درێژخایەنی دەگمەن. ئاشکرایکردووە پێکانەکەی ئەو یاریزانە بووەتە نەخۆشییەک بەناوی پوبالگیا (Pubalgia) واتە ئازاری درێژخایەنی ماسوولکەکانی بەرموسڵدان. وەک رۆژنامەکە دەڵێ "پێکانەکە ماسوولکەکانی حەوز تووشی ئازار دەکات".
ئەو رۆژنامەیە زیاتر دەڵێ، بەرپرسانی بارسێلۆنا هەست بەترس دەکەن بەرامبەر دۆخی پێکانەکەی لامین، بەتایبەت کە پێشتر، لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی پێشووی یانەکە، دووچاری هەمان جۆری پێکان بووبوو.
قسەکانی رۆژنامە کەتەلۆنییەکە، دووپاتکردنەوەی لێدوانێکی پێشووی پزیشکێکی شارەزای کوردە لەبارەی دۆخێ پێکانەوە کە بۆ رووداو سپۆرتس قسەی کردبوو.
رۆژی پێنجشەممەی پێشوو، دکتۆر هەژێن تەڵعەت، پسپۆری پزیشکی وەرزشی و نەشتەرگەریی ئێسک و شکان، بە 'رووداو سپۆرتس'ی راگەیاندبوو کە ئەو پێکانەی لامین تووشی بووە، ئاڵۆز و مەترسیدارە و چاکبوونەوە لێی، پێویستی بەوریایی و وردی، هەروەها پشووی زۆر و پڕۆگرامی تایبەت بەچاکبوونەوە هەیە.
دکتۆر هەژێن روونیکردبووەوە، لامین ئێستا بەپەنجا لەسەدی توانای جەستەیی خۆیەوە یارییدەکات، چونکە پێکانەکەی بووەتە پێکانێکی درێژخایەن و ئەگەر بەوردی چارەسەر وەربگرێت و پشووی باش بدات، ئینجا ساڵێکی پێویستە بۆ چاکبوونەوەی یەکجاری.
دەقی قسەکانی دکتۆر هەژێن لەبارەی پێکانەکەی لامین، بۆ رووداو سپۆرتس..
لیۆنێل مێسی، لەکاتی تووشبوونی بەپۆبالیگا، لەبارەی ئەو پێکانەوە گوتبووی، "پوبالگیا ئاڵۆزە، ماوەیەکە بەدەستییەوە دەناڵێنم، کەم راهێنان دەکەم و ناتوانم لە هەموو یارییەکاندا بەشداربم، ئەمە کێشەیەکە بە شەو و رۆژێک چارەسەر ناکرێت، ئێستا باشترم، بەڵام هێشتا بەتەواوی چاکنەبوومەتەوە و پێویستم بە چارەسەر هەیە".
لامین یامال ئەم وەرزە 8 یاریی بۆ بارسێلۆنا ئەنجامداوە، 3 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 گۆڵیشی دروستکردووە.