رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی پلانی شۆڕشێک لە بارسێلۆنا دادەڕێژێت لەپێناو تۆڵەسەندنەوە لەو کەسەی پێیوایە خیانەتی لێیکردووە و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە تووڕە دەکات.
لە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراودا، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی جارێکی دیکە دەرکەوتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەنێو یاریگەدا نا، بەڵکو لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکانی یانەی بارسێلۆنا.
بەپێی رڕاپۆرتێکی رۆژنامەی ABCـی ئیسپانی، مێسی نیازی جدسی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی یانەی بارسێلۆنا لە ساڵی 2026 راگەیاندووە و دەبێتە یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەی کە هەوڵدەدەن داهاتووی یانە کەتەلۆنییەکە کۆنترۆڵ بکەن.
ئەو بڕیارەی ئەفسانەی بارسێلۆنا دوای چەندین ساڵ بێدەنگی دێت، کە بە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی یانەکە دادەنرێت و هەرگیز لە رووداوە گەورەکانی ناو بارسێلۆنا دوور نەبووە. بەڵام لە هاوینی 2021، ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا روویدا، کاتێک بەڵێنەکەی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی لە دوایین ساتدا نەهاتەدی، بەمەش ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو بەرەو پاریس سانجێرمان رۆیشت کە هاندەرانی بارسای لە هەموو شوێنێک تووشی شۆک کرد.
مێسی پێیوایە لاپۆرتا لەو ساتە هەستیارەدا ناپاکیی لە متمانەکەی کردووە، چونکە قەیرانی ئابووریی بارسێلۆنا، کە وەک بیانوویەک بۆ پاشگەزبوونەوە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەکارهات، وەک گورزێکی قورس بوو کە وایلێکرد دەرفەتی مانەوەی لە یانەکە لەدەستبدات، کە زۆربەی ژیانی وەرزشیی تێدا بەسەر بردبوو. ئەو ساتە وەک خاڵی وەرچەرخانێک بوو بۆ مێسی، کە ئەمەش هەستەکانی ئێستای بەرامبەر لاپۆرتا و سیستمی کارگێڕییەکەی رووندەکاتەوە.
رکابەرەکان بۆ هەڵبژاردن خۆیان ئامادە دەکەن
لە سایەی دۆخی نالەبار و گرژی ناوخۆیی کە بارسا بەهۆی ئەنجامە ناجێگیرەکان و کێشە داراییەکانەوە پێیدا تێپەڕدەبێت، ئۆپۆزسیۆن لەناو یانەکەدا بە کردەوە دەستی بە جوڵە کردووە بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو. گرووپەکان لەناو یانەکەدا کەوتوونەتە جوڵە و کار بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو دژی لاپۆرتا دەکەن. ئەم گرووپانە هەوڵدەدەن مێسی بۆ لای خۆیان رابکێشن، وەک یەکێک لە گەورەترین یاریزانان و ئایکۆنی یانەکە، بۆ ئەوەی پشتیوانییەکی جەماوەریی زۆر بەدەستبهێنن کە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دروست بکات.
کاریگەریی مێسی تەنیا لەسەر گۆڕەپانی یاریگە نییە، بەڵکو دەگاتە ژووری کۆبوونەوەکان و سیاسەتی ناو یانەکەش. ئەگەر ئەستێرەی ئەرجەنتینی بڕیار بدات بەجددی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەشدار بێت، بێگومان بەشداریکردنی بەتەواوی هاوسەنگیی هێزەکان لەناو بارسێلۆنادا دەگۆڕێت. مێسی بەهۆی پێگەکەی و مێژووی پڕ دەستکەوتی لەگەڵ یانەکە، بووەتە هێزێکی ڕسیمبولی کە کاریگەرییەکی جەماوەریی زۆری هەیە.
مێسی مەرجی هەیە
مێسی پشتیوانی لە هیچ کاندیدێک ناکات، تەنیا ئەگەر دەرفەتی راستەقینەی هەبێت بۆ بردنەوە. یەکێک لەو خاڵانەی کە بەشداریکردنی مێسی لەم هەڵبژاردنانەدا سەرنجڕاکێش دەکات، مەرجە روونەکەیەتی، کە دەڵێت "پشتیوانی لە هیچ کاندیدێک ناکەم، تەنیا ئەگەر دەرفەتی یاستەقینەی هەبێت بۆ بردنەوە". ئەم هەڵوێستە رەنگدانەوەی ئەوەیە کە یاریزانە ئەرجەنتینییەکە چەندە لە هەڵبژاردنەکانیدا وریایە، چونکە نایەوێت تێوەگلێت لە پشتیوانیکردنی هیچ کەسێک یان گرووپێک کە توانای رووبەڕووبوونەوەی لاپۆرتایان نەبێت لە هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوەدا.
بۆ مێسی، بابەتەکان تەنیا پشتیوانییەکی سۆزداری یان سیمبولی نین. ئەگەر بڕیاریدا دژی لاپۆرتا بێت، پێویستی بە پشتیوانییەکی راستەقینە دەبێت لەو کاندیدەی کە هەوڵدەدات رکابەری سەرۆکی ئێستا بکات، و دەبێت ئەو کاندیدە بتوانێت چارەسەری پراکتیکی بۆ ئەو کێشانە پێشکێش بکات کە یانەکە رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی لەڕووی دارایی و ئاستی وەرزشییەوە.
هەڵبژاردنی 2026 کۆتایی بەسەردەمی لاپۆرتا دەهێنێت؟
لە سایەی گرژی نێوان مێسی و لاپۆرتا، لە داهاتوویەکی نزیکدا لەوانەیە گۆڕانکاریی ریشەیی لە سەرکردایەتیی بارسێلۆنا رووبدات. بەشداریکردنی مێسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەتەواوی هاوسەنگیی هێزەکان لەنێو یانەکەدا دەگۆڕێت و هەڕەشەیەکی راستەقینە لەسەر سەردەمی لاپۆرتا دروست دەکات کە چەندین ساڵ پێش ئێستا دەستیپێکردووە. لە حاڵەتێکدا کە مێسی بڕیاربدات پشتیوانی لە یەکێک لە کاندیدەکان دژی لاپۆرتا بکات، لەوانەیە هاندەران بەشێوەیەکی زۆر دەنگ بەو بەربژێرە بدەن، ئەمەش لەوانەیەکۆتایی بە دەستەڵاتی سەرۆکی ئێستا بهێنێت و یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی کارگێڕیی یانەکەدا.
بەڵام تاوەکو ئێستا، پرسیارە هەرە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە: ئایا مێسی ئەو یاریزانە دەبێت کە شۆڕشێک لەنێو یانەکەدا دژی سەرۆکی پێشووی بەڕێوە دەبات، یان لە سێبەردا دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا گرژییەکان لەنێوان لایەنە جیاوازەکانی ناو بارسێلۆنا زیاد دەکات؟
بەدڵنیایەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو قۆناخێکی نوێ لە مێژووی بارسێلۆنا بەخۆوە دەبینێت، و مێسی تەنیا هێمایەکی جەماوەری نابێت، بەڵکو فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە دیاریکردنی رێڕەوی یانەکە لە ساڵانی داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ