یامال باسی مێسی دەکات و سەرسامە بە ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا باسی ژیانی خۆی لە دەرەوەی یاریگە و کاریگەریی مێسی دەکات و سەرسامبوونی خۆیشی بە ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدرید رادەگەیێنێت.
 
یامال لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا قسەیکردووە و دەڵێت "من لە دۆخێکی زۆر زەحمەتدا بووم کاتێک لە گەڕەکی رۆکافۆندا دەژیاین، ژمارەیەکی زۆر گەنج لەوێ دەژیان بەبێ ئەوەی بزانن داهاتوویان چییە، ئایا دەبنە یاریزانی تۆپی پێ، تەلارساز، نیگارکێش، یان بەهەر شێوەیەک بێت کاریان دەستدەکەوێت."
 
لامین دەڵێت "من تەنیا وەکو پاڵنەرێکی چێژ وەرگرتن یاریم دەکرد، هەمووان خەونیان ئەوەبوو ببنە یاریزانی پیشەگەر بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو خەونە دەبێتە راستی.
 
یاریزانە لاوەکەی بارسێلۆنا دان بەوەدا دەنێت ئەمە سەختترین قۆناخە، بەتایبەتی کاتێک بینی دایک و باوکی بە زەحمەتی کاردەکەن و ناتوانن بەردەوام لەگەڵیدابن، بۆیە هەستی بە دڵەڕاوکێ دەکرد سەبارەت بەوەی داهاتوو چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
 
لامین باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت "ئەوان سەر بە چینێکن بەردەوام تێدەکۆشن بۆ ژیانێکی باش، تاوەکو دواتر چێژی لێ ببینن، رەنگە لەلایەن هەندێکەوە فەرامۆش بکرێن، بەڵام رۆڵەکانی گەڕەک رەسەنایەتی خۆیان لەبیر ناکەن و شانازیی پێوە دەکەن.
 
لەبارەی ئەوەی ببێتە رووخساری ئیسپانیای نوێ، یاریزانەکەی بارسێلۆنا گوتی "بابەتەکە رێژەییە و یاریزان خۆی دیاری ناکات، هاندەران خۆیان ئەستێرەکەیان هەڵدەبژێرن، ئەو زیاتر گوتی دڵخۆشە بەو جۆش و خرۆشەی کە دەیبەخشێت بە ئیسپانییەکان و هاندەرانی بارسێلۆنا و جەخت دەکاتەوە ئەو یەکێکە لە بژاردە بەردەستەکان و دەزانێت کە زۆر کەس بۆ بینینی ئەو دەچنە یاریگە، بەڵام ئەوە ناکاتە تەوەری بیرکردنەوەی، بەڵکو بە ئەنجامێکی سرووشتیی دادەنێت ئەگەر خەڵک ئەو هەڵبژێرن."
 
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئیسپانیای هەڵبژاردووە یاریی بۆ بکات لە شوێنی هەڵبژاردەی مەغریب، لامین گوتی "بیرۆکەکەی لە مێشکیدا بووە، بەتایبەتی دوای گەیشتنی مەغریب بە نیوەی کۆتایی مۆندیال، بەڵام لە کاتی بڕیاداندا دوودڵ نەبوو، روونیشیکردەوە هەمیشە خەونم بووە بەشداری لە یۆرۆدا بکەم و تۆپی پێی ئەورووپا یەکێک لە نزیکترین خواستەکانم بووە، رێزی زۆرم هەیە بۆ مەغریب و بە وڵاتی خۆمی دەزانم، یاریکردن بۆ ئەوان شتێکی نامۆ نەدەبوو، بەڵام هەستی پەیوەستبوونێکی بەهێزم بۆ ئیسپانیا هەبوو کە لەگەڵیدا گەورە بووم، خەونەکەشم بردنەوەی یۆرۆ بوو کە بەدیهێنا و ئێستا هەوڵدەدەم رکابەری لەسەر جامی جیهانی بکەین."
 
لامین یامال لەبارەی کاریگەریی مێسی قسە دەکات و دەڵێت "لە ژێر کاریگەریی مێسی بووم، بەتایبەت لە پاسە جیاواز و یەکلاکەرەوەکانی، هەروەها سەرسام بووم بە پاسەکانی لوکا مۆدریچ و پێموایە ئەوان گرنگترینن لەم رووەوە."
 
یامال لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "کاتێک تەمەنم 16 ساڵ بوو و بەشداریم لە یۆرۆدا کرد، هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە کە یاریزانێکی لاوم و بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی کیشوەریدا دەکەم، بەڵکو وەکو شتێکی ئاسایی مامەڵەم لەگەڵی دەکرد، چوومە نێو پاسەکە، سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم دەکرد، گوێم لە میوزیک دەگرد، پاشان بەهۆی ماندوویەتییەوە دەخەوتم، تاوەکو دەگەیشتینە یاریگە و چێژم وەردەگر و دەگەڕامەوە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەمەوە کە چەندە رووداوێکی گەورەیە.