جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.. سەنیگال و بورکینا فاسۆ یەکەم یاریی پێشکۆتایی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لەسەر یاریگەی ئەحمەدو ئاگیدجۆ لە یواندی پایتەختی کامیرۆن، هەردوو هەڵبژاردەی بورکینا فاسۆ و سەنیگال یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دەکەن، بۆ بڕینی بلیتێکی یاریی کۆتایی.
بورکینا فاسۆ خوازیارە بەربەستی سەنیگال ببڕێت و رێگە نەدات بۆ دووەمجار بەسەریەکەوە بگاتە یاریی کۆتایی و خەونی گەلی بورکینی بێنێتەدی و نازناوەکە بباتەوە.
هەڵبژاردەی سەنیگالیش بە سەرکردایەتی سادیۆ مانێ، دوای سەرەتایەکی زۆر خراپ کە بە تەنیا گۆڵێک لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا سەرکەوت، دوای دوو یەکسان بوون بەبێ گۆڵ و بردنەوەیەک بە تاکە گۆڵێک، لە قۆناخی 16 و هەشتدا باشتر دەرکەوت و کاپ ڤێردی و گینیای کەمەرەیی لە پاڵەوانێتییەکە دەرکرد، بۆیە هەوڵدەدات بەردەوام بێت لە بەرەوپێشچوون تاوەکو بەدەستهینانی نازناوەکە.
سادیۆ و هاوڕێکانی دەیانەوێت قەرەبووی لەدەستدانی نازناوەکە لە پاڵەوانێتی رابردوودا بکەنەوە، بۆیە نایانەوێت هیچ هەڵیەک بکەن کە لێی پاشگەز ببنەوە.
بورکینا فاسۆش دوای دەرکردنی تونس لە قۆناخی هەشت زۆر ورەبەرزە و متمانەی ئەوەی هەیە لە سەنیگال بباتەوە.
ئەمە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی بورکینا فاسۆ و سەنیگالە لە قۆناخەکانی یەکلاکەرەوەی جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا، بەڵام ساڵانی 2000 و 2004 لە قۆناخی کۆمەڵەکان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و جارێکیان سەنیگال 3-1 بردیەوە و جارێکیش بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.