چاوەڕواننەکراو.. رۆناڵدۆ تەقییەوە و ئامادەنییە بۆ نەسڕ یاریی بکات
رووداو دیجیتاڵ
بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی بە یانەکەی گوتووە ئامادەنیم یاری بکەم و ئەگەر یارییەکە تەواو بوو ئەنجامەکەیم پێبڵێن.
لە چەند کاژێری رابردوودا هەواڵی یاریی نەکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی ئەمڕۆی یانەی نەسڕ بەرامبەر یانەی ریاز بەخێراییەکی زۆر بڵاوبووەوە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، کریستیانۆ بە کارگێڕیی یانەی نەسڕی گوتووە "یارییتان هەیە، خوا یارمەتیتان بدات، ئەگەر یارییەکە تەواو بوو ئەنجامەکەیم پێبڵێن."
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هۆکاری یاریی نەکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندیی بە لایەنی هونەری و نا ئامادەیی ئەو یاریزانەوە نییە، بەڵکو کریس لە مامەڵەی سندووقی وەبەرهێنانی سعودی ناڕازییە و پێیوایە لە پرسی گواستنەوەی یاریزاناندا جیاوازی لەنێوان یانەکاندا دەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە یانەی هیلال دەیەوێت کەریم بنزیما لە یانەی ئیتیحادەوە بباتە ریزەکانی.
هەرچەند رۆژنامەی ریاز دەڵێت "دوورخستنەوەی رۆناڵدۆ و کینگێسلی کۆمان بەهۆی ماندووبوونەوەیە، بەڵام رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگالی رایگەیاندووە، بەشدارینەکردنی رۆناڵدۆ هیچ پەیوەندییەکی بە توانای جەستەیی ئەو یاریزانە و خۆ ئامادەکردنی بۆ کلاسیکۆی بەرامبەر ئیتیحاد نییە، رۆناڵدۆ ناڕازییە لە کارگێڕیی یانەی نەسڕ لەکاتێکدا تەنیا گرێبەستیان لەگەڵ حەیدەر عەبدولکەریم، یاریزانی عێراقی کردووە و هیچ گرێبەستێکی دیکە بۆ یانەکە نەکراوە."
ئەوەی زیاتر رۆناڵدۆی تووڕەکردووە، گرێبەستەکانی یانەی هیلالە لەکاتێکدا یانەکە گرێبەستی لەگەڵ پابلۆ ماری، یاریزانی فیۆرێنتینا کردووە و یانەکە 30 ملیۆن یۆرۆش بۆ گواستنەوەی محەممەد قادر میتی، یاریزانی یانەی رێن خەرج دەکات، جگە لەوەش دەنگۆی چوونی بنزیما بۆ ئەو یانەیە لە میدیای سعودیدا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە.
بڕیاری کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یاریی نەکردنی لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بەرامبەر یانەی ریاز لەکاتێکدایە، کەریم بنزیما چەند رۆژێک لەمەوبەر بڕیارییدا یاریی بۆ یانەی ئیتیحاد نەکاتەوە، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو دەستەوارەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکێشکراوە.