یاریزانێکی رایۆ ڤاییکانۆ: خوا دادپەروەرە و هەموو شتێک دەبینێت!


رووداو دیجیتاڵ

رایۆ ڤاییکانۆ شکستێکی تاڵی بەرامبەر ریال مەدرید تووشبوو، کاتێک لە دوایین خولەکانی یاریی نێوان هەردوو یانە لە نێو سانتیاگۆ بیرنابیۆ، لێدانی سزای لەسەرگیرا و بەهۆیەوە ریال مەدرید بە ئەنجامی 2 - 1 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
لە دوا خولەکەکانی یارییەکەدا رووداوی دراماتیکیی سەرنجڕاکێش روویاندا، لە خولەکی 80دا ناوبژیوان کارتی سووری بەڕووی پاتی سیسی یاریزانی رایۆدا بەرزکردەوە پاشئەوەی ئەو یاریزانە بەتووندی لە گۆزینگی دانی سێبایۆسیدا.
 
لە خولەکی 103ی یارییەکەدا پیپ چاڤاریا بەهەمان شێوە بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، پاشئەوەی پاڵی بە رۆدریگۆی یاریزانی ریال مەدریدەوە نا لە نزیک تابلۆکانی رێکلامی پشتی گۆڵ، ناوبژیوان بەهۆی تووندوتیژییەوە بەکارتی سوور، ئەو یاریزانەی دەرکرد.
 
گورزە کوشندەکە بۆ رایۆ لە خولەکی 99 بوو، کاتێک ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ریال مەدرید ئەژمارکرد و کیلیان ئێمباپێ گۆڵی بردنەوەی ریال مەدریدی تۆمارکرد.
 
لێدانە سزاکە ناڕەزایەتیی تووندی یاریزانانی رایۆی لێکەوتەوە، ئەوان پێیانوابوو ناوبژیوان ناهەقیی بەرامبەریان کردووە، بەرگرییەکی باشیان کردووە، ئەگەرچی دوو یاریزانیان کارتی سووری هەبووە.
 
دوای یارییەکە چاڤاریا دڵتووندیی خۆی بەئەنجامەکە دەربڕی و لە سۆشیال میدیای خۆی پۆستێکی لەسەر یارییەکە و ئەنجامەکەی بڵاوکردەوە.
 
ئەو دەڵێ، "ئەمڕۆ یەکێکە لە خەمبارترین رۆژەکانی کاروانی وەرزشیم، ئەم تیپە شایستەی رێز بوو. سوپاس بۆ هاندەرانی رایۆ، ئێمە لە تێکۆشان لە دژی هەموو شتێک و هەمووان بەردەوام دەبین. خوا دادپەروەرە و هەموو شت دەبینێت.. ئیمان..".
 
لای خۆیەوە، ئینیگۆ پێرێزی راهێنەری یانەی رایۆ ڤاییکانۆ شۆکبوونی خۆی بەرامبەر کاتی زیادکراوی یارییەکە دەربڕی،  ئاماژەی بەوەدا کە تیپەکەی بەرگرییەکی باشی کردووە، ئەو گوتی، "پێشبینی کاتێکی زیادکراوی زیاترم دەکرد، بەڵام من تیپەکەمم بینی بەرگرییەکی باش لە ناوچەکەی خۆی دەکات، بەبێ هەستکردنی راستەقینەوە بەوەی گۆڵمان لێدەکرێت".
 
ئەنجامی یارییەکە، ریال مەدریدی لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا بەجیاوازیی خاڵێک لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ هێشتەوە، لە کاتێکدا رایۆ سێیەم یاریی لەسەریەکی دۆڕاند و لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.