دوو یانەی گەورەی ئەورووپا داوای ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو یانەی گەورەی ئەورووپا رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دەکەن و هەردووکیان ئامادەن مووچەیەکی بەرزتر لە مووچەی ئێستا بە یاریزانەکە بدەن.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی چێڵسی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی، هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی فێرمین لۆپێز، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا چڕکردووەتەوە و دەیانەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا یاریزانەکە ببەنە ریزەکانیان.
 
رۆژنامەی موندۆی کەتەلۆنی دەڵێت "چێڵسی ئامادەیە مووچەیەکی بەرز پێشکێشی یاریزانەکە بکات و بایرن میونشنیش بەهەمان شێوە چاوی لەوەیە یاریزانەکە لە پڕۆژە وەرزشییەکەی پشتی پێبەستێت، بەڵام یاریزانەکە مانەوەی لە بارسێلۆنا بەلاوە باشترە و بۆ ئێستا بڕیارییداوە لە بلاوگرانا بمێنێتەوە."
 
مووچەی ساڵانەی فێرمین لە بارسێلۆنا 4 ملیۆن یۆرۆیە، هەردوو یانە ئینگلیزی و ئەڵمانییەکە ئامادەن مووچەیەکی باشتر لەوەی بارسا بدەنە یاریزانەکە ئەگەر رازی ببێت پەیوەندی بە یانەکانیانەوە بکات.
 
فێرمین لۆپێز، تەمەنی 22 ساڵە، یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی ئێستای بارسێلۆنایە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە لە 2031 کۆتاییدێت و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 70 ملیۆن یۆرۆ.
 
یاریزانە ئیسپانییەکە لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا 27 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامداوە، 10 گۆڵی تۆمارکردووە و 11 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.