وادەی دوورکەوتنەوەی جود بێلینگهام ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید رایگەیاند کە جود بێلینگهام بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک لە یاریکردن دادەبڕێت، دوای ئەوەی لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 22ـی لالیگا، تووشی پێکان بوو لە ماسوولکەکانی پشتەوەی رانیدا.
یاریزانە تەمەن 22 ساڵە ئینگلیزییەکە ناچاربوو دوای تەنیا 9 خولەک لە دەستپێکی یارییەکە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێتە دەرەوە.
بێلینگهام لە کاتی راکردن بەدوای پاسێکی درێژدا لەپڕ وەستا و دەستبەجێ دەستی بە ماسوولکەکانی پشتەوەی رانی چەپییەوە گرت، بە گریانەوە یاریگەی جێهێشت.
ئەم پێکانە لە کاتێکی هەستیاری وەرزەکەدا دێت بۆ ریال مەدرید، کە تەنیا یەک خاڵ لە دواوەی بارسێلۆنای پێشەنگی خولەکەوەیە.
ریال مەدرید لە نەبوونی بێلینگهامدا رووبەڕووی چەند یارییەکی قورس دەبێتەوە، کە سەرەتایان گەشتکردنە بۆ ڤالێنسیا لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو.
پێشبینی دەکرێت بێلینگهام لە هەردوو یارییەکەی بەرامبەر بێنفیکای پۆرتوگالی لە قۆناخی پاشکۆی چامپیۆنزلیگ لەم مانگەدا بەشداری نەکات.
پێش هەفتەیەک ریال مەدرید لە دوایین گەڕی قۆناخی چامپیۆنزلیگ بە ئەنجامی 4-2 بە بێنفیکا دۆڕابوو، بەوەش قۆناخی خولی لە پلەی نۆیەمدا کۆتایی پێهێنا و ناچاربوو بچێتە یاریی پاشکۆ، کە تیروپشکەکە جارێکی دیکە خستییەوە بەرامبەر هەمان تیپی پۆرتوگالی.