5 یاریزان لای ئەربێلوا دەستلێنەدراون

رووداو دیجیتاڵ

ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، 5 یاریزانی دەستنیشان کردووە کە بە دەستلێنەدراو لە پێکهاتەی سەرەکیی دایان دەنێت و دەیەوێت بەشێوەیەکی بەردەوام لەنێو یاریگادا ئامادە بن.
 
ئەربێلوا ئەرکەکانی لە سەرکردایەتیکردنی تیپی یەکەمدا بە شۆکێکی بەهێز دەستپێکرد، دوای ئەوەی لە جامی شای ئیسپانیا بە دۆڕان بەرامبەر ئەلباسێتی بەئەنجامی 3-2 کرانە دەرەوە، پێش ئەوەی تیپەکە بەخێرایی هاوسەنگیی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و دوو سەرکەوتنی لەسەریەک لە لالیگا بەرامبەر لیڤانتی و ڤیاڕیال تۆمار بکات، لەگەڵ سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر مۆناکۆ بە ئەنجامی 6-1 لە چامپیۆنزلیگ.
 
بەڵام راهێنەرە گەنجەکە گورزێکی گەورەی بەرکەوت لەسەر دەستی راهێنەرەکەی پێشووی ریال مەدرید، جۆزێ مۆرینیۆ، کە سەرکردایەتی بێنفیکای کرد بۆ بردنەوە لە یانە شاهانەکە بەئەنجامی 4-2 لە چامپیۆنزلیگ، ئەم شکستە ریال مەدریدی لە سەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ قۆناخی 16 بێبەش کرد و ناچاری کرد یاری پاشکۆ بەرامبەر هەمان تیپ ئەنجام بدات.
 
ریال مەدرید گەڕایەوە بۆ دووپاتکردنەوەی هەستانەوەکەی بە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی زەحمەت بەسەر رایۆ ڤاییکانۆ بەئەنجامی 2-1 لە لالیگا، ئەمەش بە گۆڵێکی درەنگ لە رێگەی لێدانی سزاوە کە ئەستێرە کیلیان ئێمباپێ لە کاتی زیادکراودا تۆماریکرد.
 
ئەربێلوا ئەو پێنج یاریزانەی دەستنیشان کردووە کە دەستلێنەدراون، ئەوانیش بریتین لە کۆرتوای گۆڵپارێز، فێدیریکۆ ڤاڵڤێردی، جود بێلینگهام، ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی گۆڵکاری یانەکە.
 
ئەربێلوا لە لێدوانێکدا گوتی "هەرچەندە خولەکەکانی بەشداریکردنیان لەگەڵ تیپەکەدا زیاتر بێت، ئەوا باشتر دەبێت، ئەمانە یاریزانێکن کە دەتوانن لە هەر ساتێکدا بێت ریتمی یارییەکە بگۆڕن".
 
هەروەها گوتیشی "رەنگە هەندێک لەوانەی هاندەری ریال مەدرید نین نەیانەوێت ئەوان لە ناو یاریگادا ببینن، بەڵام پێموایە هاندەرانی مەدرید هەمیشە دەیانەوێت باشترین یاریزانەکانیان بەردەست بن و لە هەموو کاتێکدا لە نێو یاریگادا بن".
 
لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "پێموایە ئەو پێنج یاریزانەی کە ئاماژەم پێکردن، لە ریزی 10 باشترین یاریزانەکانی جیهاندان، هەر بۆیە متمانەی تەواوی منیان هەیە، بابەتەکەش تەنیا پەیوەست نییە بە متمانەی منەوە، بەڵکو ئاست و درەوشانەوەی خۆیانە کە شوێنیان لە ناو یاریگادا مسۆگەر دەکات".