دێربیی کوردستان.. دهۆک لە شەوێکی تایبەتدا میوانداریی نەورۆز دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یاریی دێربیی کوردستان بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی دهۆک و نەورۆز رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکە لە دهۆک دەکرێ.
یارییەکە لە دەستپێکی قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یاریگەی دهۆک بە جوانترین شێوە بۆ ئەم یارییە ئامادەکراوە و چاوەڕێی یارییەکی بەهێزی نێوان هەردوو یانە دەکرێت بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی رکابەرییەکە.
کاژێر 21:00 یانەی دهۆک میوانداری یارییەکە و چەند رۆژێکە خۆی بۆ ئەم رووبەڕوووبوونەوە بەهێزە ئامادەدەکات، بەر لە یارییەکە هاڕوون ئەحمەد، دوای ئەوەی بەهۆی پێکانەوە ماوەیەک لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقەکانی یانەکەدا کردووە و ئەگەری هەیە جاریکی بگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی سەرەکی تیپەکە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی بکات.
دهۆک لە دوایین سێ یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێ بۆ ئەوەی بەبردنەوە جارێکی دیکە درێژە بە رکابەریکردن لەسەر نزیکبوونەوە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بدات.
سیابەند عەگید، یاریزانی یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە بە رووداو سپۆرتسی گوت "قۆناخێکمان تەواو کرد بە دڵی کەس نەبوو، لە یاریزانان، کارگێڕی و راهێنەران، سەرەڕای ئەوەی ئاستێکی بەرزمان پێشکێشدەکرد، بەڵام ئەنجامەکانمان بە دڵ نەبوو، دەمانەوێت لە قۆناخی دووەمدا باشتربین و ئامادەکاری باشمان بۆ یاریی بەرامبەر نەورۆز کردووە و دەمانەوێت سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە."
یانەی نەورۆز لە دوایین گەڕەکانی قۆناخی یەکەمی خولەکەدا ئەنجامەکانی لە سەرەتای وەرز باشترن، یانەکە لە دوایین پێنج یارییدا سێ یاریی بردووەتەوە و ئێستا تیپەکە متمانەی زیاتری بەخۆیە و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر دهۆک ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
نەورۆز دوای ئەنجامدانی چەند یەکەیەکی مەشقی، دوو رۆژە لە دهۆک راهێنان دەکات و بەتەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەکە ئامادەیە.
مەڕوان حوسێن، هێرشبەری یانەی نەورۆز بە رووداو سپۆرتسی گوت "تیپەکەمان بەرەو هەڵکشانە و لە چەند گەڕی رابردوودا ئەنجامی باشمان هەبووە و تارادەیەک لە ناوچەی دابەزین دوورکەوتووینەتەوە، یارییەکەمان بەرامبەر دهۆکە و دێربیی کوردستانە، دێربی هەمیشە تامێکی تایبەتی هەیە و چاومان لەوەیە لە یارییەکەدا ئەنجامێکی بەدەستبهێنین و بۆ یارییەکە ئامادەین."
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ یانەی دهۆک لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ، یانەی نەورۆز لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندە و خاوەنی 22 خاڵە، هەردوو یانە دەیانەوێت بەبردنەوە بچنە نێو رکابەرییەکانی قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
بەڕێوەچوونی یاریی دێربیی کوردستان، لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و نەورۆز لەکاتێکدایە زۆرینەی خولەکانی وڵاتانی ناوچە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە یان دواخراون یانیش بەشێوەیەکی کاتی راگیراون.