پاشا ئەمڕۆ پشکنین دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی سعودیە ئاشکرایانکردووە، ئەمڕۆ دووشەممە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی پشکنینی ورد بۆ ئەو پێکانەی دەکات کە دووچاری بووە.
 
رۆژنامەی 'شەرق ئەوسەت' ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ لەگەڵ تیمەکەی دەچێتە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری ریازی سعودیە، بۆ دڵنیابوونەوە لەو پێکانەی تووشی بووە.
 
رۆناڵدۆ لە یاریی نێوان فەیحا و نەسڕ، لە گەڕی پێشووی خولی سعودیە، لە خولەکی 80دا داوای گۆڕانکاریی کرد، پاشئەوەی هەستی بەئازارکرد.
 
وەک پێشتر سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو، دەستەی پزیشکیی یانەی نەسڕ، لە دوای یاریی تیپەکە بەرامبەر فەیحا پشکنینی خێرایان بۆ رۆناڵدۆ کردووە، بۆیان روون بووەتەوە کە رۆناڵدۆ ئازاری هەیە لە ماسوولکەی پشتەوەی رانی، بەڵام ئەوەشیان دووپاتکردووەتەوە کە پێویستی بەپشکنینی وردتر هەیە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو پشکنینەی ئەمڕۆ بۆ کریستیانۆ دەکرێت، بەوردی جۆری پێکانەکە و ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان و شێوازی چارەسەرکردنەکەی دەستنیشاندەکات. ئەوەش یەکلایی دەکاتەوە کەی ئەو یاریزانە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ یارییکردن.
 
رۆناڵدۆ لەو یارییەدا کە تووشی پێکان بوو، لێدانێکی سزای لەدەستدا، بەڵام نەسڕ بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
بەپێی سەرچاوەکان، پێکانەکەی رۆناڵدۆ جۆرێک لە دڵەڕاوکەی لای هاندەرانی پۆرتوگال دروستکردووە، ئەوان ترسیان لەوە هەیە پێکانەکە سەخت و درێژخایەن بێت، لە کاتێکدا رۆناڵدۆ دەیەوێت بەشداریی لە مۆندیالی داهاتوو بکات و دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکەش چەند مانگێکی کەمی ماوە.