هاوڕێیەتیی ریال مەدرید و دۆرتموند گرێبەستێکی گەورە یەکلادەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بەدوای بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی یانەکەیدا دەگەڕێت و بۆ ئەوەش سوود لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی وەربگرێت.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "ریال مەدرید بەدوای بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی یانەکەیدا دەگەڕیت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆیشتنی دەیڤد ئالابا و ئەگەری رۆیشتنی ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر لە یانەکە، جگە لەوەس یانەی ئارسیناڵ گرێبەستی ویلیام سالیبا نوێکردەوە، دایۆت ئۆپامیکانۆش گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن نوێکردەوە و هەردووکیان ئامانجی یانەی ریال مەدرید بوون، بۆیە یانەکە چاوی لە تواناکانی نیکۆ شلۆتەربێک، بەرگریکاری یانەی بۆرووسیا دۆرتموندە و دەیەوێت ئەو یاریزانە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا بباتە ریزەکانی.
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان هەردوو یانەدا هەیە رۆڵی کاریگەری دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە، بەتایبەت کە یانەی ریال مەدرید پێشتر گرێبەستی لەگەڵ جود بێلینگهام کردووە، نوری شاهین، ئەشرەف حەکیمی و رینێریش لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە بەهێزە لە ریال مەدریدەوە چوونەتە بۆرووسیا دۆرتموند.
 
یاریزانەکە ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، خۆیشی ویستی یارییکردنی بۆ یانەی شاهانە هەیە و دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە.
 
نیکۆ تەمەنی 26 ساڵە، یەکێک لە دیارترین بەرگریکارەکانی ئێستای ئەڵمانیایە، دەتوانێت لە سێ شوێنی جیاواز یاریی بکات، گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 تەواو دەبێت و نرخەکەی ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 55 ملیۆن یۆرۆ.