ریال مەدرید دۆڕا و جیاوازییەکە بوو بە چوار خاڵ

رووداو دیجیتاڵ


ریال مەدرید لەناو یاریگای خۆیدا 'سانتیاگۆ بێرنابیۆ' بەرامبەر میوانەکەی خێتافی بە ئەنجامی 1-0 شکستی هێنا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە چوارچێوەی گەڕی 26ـی رکابەرییەکانی لالیگا.
 
تاکە گۆڵی یارییەکە لەلایەن مارتن ساتریانۆوە لە رێگەی لێدانێکی بەهێزەوە لە خولەکی 39دا تۆمارکرا، بەمەش 3 خاڵی گرنگی بە یانەکەی بەخشی.
 
دوای ئەم دۆڕانە، کۆی خاڵەکانی ریال مەدرید لە 60 خاڵدا چەقی و لە پلەی دووەم مایەوە، بە جیاوازی 4 خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ کە ئێستا بە ئاسوودەییەکی زۆرەوە لە لووتکەدایە، لە بەرامبەردا، خێتافی خاڵەکانی گەیاندە 32 خاڵ و لە پلەی یازدەمی ریزبەندی لالیگادایە.
 
 
یارییەکە زۆر بە هێمنی لە نێوان هەردوو تیپدا دەستیپێکرد، بەبێ هێرشی مەترسیدار بۆ سەر هەردوو گۆڵ، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی تۆپ لەلایەن ریال مەدریدەوە.
 
یەکەم هێرشی مەترسیداری ریال مەدرید لە خولەکی 13دا بوو، دوای هەڵەیەکی بەرگری، ڤینیسیۆس جۆنیۆر بە تەنیا بەرامبەر گۆڵ مایەوە، بەڵام ئەم هەلەی فەوتاند. دواتر ئاردا گولەر لێدانێکی بەهێزی لە ناوچەی سزا ئاراستەی گۆڵ کرد، بەڵام دەیڤید سۆریای گۆڵپارێز بە لێهاتوویی دووری خستەوە.
 
بە پێچەوانەی پێشبینییەکان، خێتافی لە خولەکی 39دا لە رێگەی مارتن ساتریانۆوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، سوودی لە تۆپێکی گەڕاوەی بەرگری شاھانە وەرگرت و تیپەکەی لە کاتێکی گونجاودا پێشخست.
 
لە خولەکی 42دا چوامینی بە لێدانی سەر هەڕەشەی لە گۆڵی خیتافی کرد، بەڵام سۆریای گۆڵپارێز تۆپەکەی گرتەوە. نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی میوانەکان کۆتاییهات.
 
ئەربێلوا بڕیاریدا لە خولەکی 69دا ئاردا گولەر بگۆڕێت و فڕانک ماستانتۆنۆ بخاتە شوێنی، بە مەبەستی چالاککردنی هێڵی پێشەوە لە خولەکەکانی کۆتاییدا.
 
ریال مەدرید لە سەرەتای نیوەی دووەمەوە تاوەکو خولەکی 75 کۆنترۆڵی تۆپی کرد، بەڵام کاریگەریی هێرشبەریی کەم بوو و نەیتوانی بە هەلی راستەقینە هەڕەشە لە گۆڵی خێتافی بکات، لە کاتێکدا بەرگریی میوانەکان زۆر بەهێز بوو.
 
مەترسیدارترین هەلی ریال مەدرید لە نیوەی دووەمدا لە خولەکی 75دا بوو، کاتێک رۆدیگێر  لە لێدانێکی گۆشەوە بەرزبووەوە و بە سەر لێی دا، "هاوسنیش هەوڵی دا شوێن تۆپەکە بکەوێت بەڵام درەنگ گەیشت و تۆپەکە بە تەنیشت ستوونی گۆڵەکەدا رۆیشت.
 
لە خولەکی 79دا، ریال مەدرید دووبارە هەوڵ دایەوە، ماستانتونۆ تۆپێکی بەرزی بۆ ناوچەی سزا نارد، رۆدریگۆ بە سەر لێی دا و کارڤاخالیش هەوڵیدا تۆپەکە بخاتە گۆڵ، بەڵام هەردووکیان سەرکەوتوو نەبوون.
 
لە خولەکی 90+5 دا، ماستانتونۆ کارتی سووری راستەوخۆی وەرگرت، سەرەڕای ئەوەی لە تۆپەکەوە دوور بوو، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا بێت قسەی نەشیاوی بەرامبەر ناوبژیوان کردووە.
 
دوای دوو خولەک، ئەدریان لیسۆی یاریزانی خیتافی کارتی زەردی دووەمی وەرگرت و دەرکرا، دوای هەردوو دەرکردنەکە، ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدا و سەرکەوتنی خێتافی و شکستی ریال مەدریدی راگەیاند.