سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی بەشداری لە مۆندیالی داهاتوو ئاشکراکرد


رووداو دیجیتاڵ

مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، ئاشکرایکرد بەشداریکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، لە مۆندیالی داهاتوو "بەئەگەری زۆرەوە روونادات".
 
ئێران یەکێکە لەو هەڵبژاردانەی سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەرکردووە کە بڕیارە هاوینی ئەمساڵ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی  ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی بکەن.
 
تاج لە لێدوانی بۆ تەلەڤیزیۆنی نێوخۆی ئێران دەڵێ، "تیم میلی، (نازناوی هەڵبژاردەی ئێرانە) ئەستەمە هاوینی داهاتوو لەسەر خاکی ئەمریکا بێت". 
 
ئەو هەروەها دەڵێ، لەسایەی ئەو هەڵچوونە گەورە سەربازییەی لە ناوچەکەدا هەیە، بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی داهاتوو، "بەدووردەزانین".
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی فراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و جەنگێکی بەهێز لە ناوچەکەدا بەرپا بووە. هەر بەهۆی جەنگەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، هەڵپەساردنی سەرجەم چالاکییەکانی یارییەکەی تاوەکو کاتێکی نادیار راگەیاندووە.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران هەروەها دەڵێ، "بەپێی ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا روویداوە، لەگەڵ ئەو هێرشەی ئەمریکا لە دژی ئێران بەرپای کردووە، بەدووری دەزانین بەشداری لە مۆندیالی داهاتوودا بکەین، بەڵام بڕیاری کۆتاییش لای بەرپرسانی وەرزش و (دەسەڵاتی باڵا)یە لە وڵاتەکەدا".
 
رووداوەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل، ئێران، دڵەڕاوکە و تەمومژی زۆری بە دیمەنی داهاتووی ناوچەکە و چالاکییە وەرزشییەکان داوە، بەتایبەت کە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە، خولە نێوخۆییەکانی خۆیان راگرتووە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاش، هەردوو پاڵەوانێتیی چامپیۆنزلیگی بژاردە و دووی راگرتووە.
 
لێدوانی بەرپرسی یەکەمی تۆپی پێی ئێران، هاوکاتە لەگەڵ ئەو مشتومڕەی لەگەڵ بەرپابوونی جەنگەدا سەریهەڵدا کە باس لە ئەگەر و سیناریۆکانی پاشەکشەی ئێران لە مۆندیالی داهاتوو دەکات.
 
هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی داهاتوو لە کۆمەڵەی حەوتەم یارییدەکات کە تێیدا رووبەڕووی هەرسێ هەڵبژاردەی نیوزیلەندا، بەلجیکا و میسر دەبێتەوە.