سەرۆکی ریال مەدرید پلانی داناوە بۆ مەترسیدارترین بەهرەمەندی ئەورووپا
رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پلانێکی نهێنی بۆ گواستنەوەی مەترسیدارترین بەهرەمەندی ئەورووپا دادەڕێژێت و پێیوایە باشترە لە لامین یامال و بوکایۆ ساکا.
ریال مەدرید بەردەوامە لە چاودێریکردنی ئەستێرە لاوە بەرازیلییەکەی یانەی چێڵسی، ئێستیڤاو ویلیان، وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی درێژخایەن بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری بە بەهرەمەندێکی بەتوانا کە لەناو یانەکەدا وەک یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی داهاتوو سەیر دەکرێت.
کارگێڕیی ریال مەدرید لە کاتی درەوشانەوەی لەگەڵ یانەی پالمێراس چاودێری یاریزانەکەیان دەکرد و بەرپرسانی گرێبەستەکان لێکۆلینەوە لە دووبارەکردنەوەی سیناریۆی گواستنەوەی بەهرەمەندە بەرازیلییەکانیان بەزوویی کردبوو هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ ئێندریک روویدا، بەڵام یانەکە پێیباشبوو نەچێتە ناو کێبڕکێیەکی دارایی گەورەوە، دواتر یاریزانەکە بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد.
لەنێو ریال مەدریددا، هەستێک هەیە کە هەلەکە زوو لەدەستچووە، بەتایبەت دوای تەکانێکی گەورە لە بەهای بازاڕیی یاریزانەکەدا، کە گەیشتووەتە نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ پێشبینی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی بەهۆی کەمی تەمەنییەوە، کە تەنیا ١٨ ساڵە.
لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ چێڵسی، ئێستیڤاو نیشانەی بەهێزی لەسەر گەشەکردنی نیشاندا، دوای ئەوەی دوو گۆڵی تۆمارکرد و دوو گۆڵیشی دروستکرد، کە سێیان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بوون، ئەمەش متمانەی بە تواناکانی بۆ درەوشانەوە لە بەرزترین ئاستدا زیاترکرد.
پلانێکی کاتی بۆ دووبارە هەوڵدانەوە
سەرەڕای گواستنەوەی بۆ خولی نایابی ئینگلیزی، کارگێڕیی ریال مەدرید پێیوایە داهاتوو دەرفەتێکی نوێی پێ دەبەخشێت. خەمڵاندنەکانی ناو یانەکە ئاماژە بەئەگەری جووڵەی جددی دەکەن لەنێوان ساڵانی 2027 و 2028، ئەگەر بارودۆخی یاریزانەکە بگۆڕێت.
کارگێڕیی یانەکە بڕوای وایە شێوازی یاریکردن لە خولی ئیسپانی دەرفەتی زیاتر بە ئێستیڤاو دەدات بۆ نیشاندانی توانا هونەرییەکانی، ئەمەش دەیکاتە ئامانجێکی گونجاو بۆ پڕۆژە وەرزشییە درێژخایەنەکەی یانەکە.
سەرچاوەکانی نزیک لە ریال مەدرید جەخت دەکەنەوە کە یاریزانەکە هێشتا لەژێر چاودێری ورددایە، و یانەکە ئامادەیە بە هێزەوە بجوڵێت ئەگەر لە داهاتوودا لە بازاڕی گواستنەوەکاندا بەردەست بێت، چونکە وەک بەهرەمەندێکی ناوازە دەیبینن کە نایانەوێت جارێکی دیکە لەدەستی بدەن و دەڵێن "فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید سەرسامە بە ئێستیڤاو و پێیوایە ئەو لە لامین یامال و بوکایۆ ساکا باشتر و بەهرەمەندترە".