تایبەت بە رووداو سپۆرتس.. ئەمڕۆ یانەی زاخۆ بە دوو تیم لە سعودیەوە دەگەڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دواخستنی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شەبابی سعودی، لە جامی کەنداو بۆ یانەکان، ئەمڕۆ شاندی یانەی زاخۆ بە دوو تیمی جیاوازەوە دەگەڕێتەوە.
 
بڕیاربوو رۆژی سێشەممە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو بۆ یانەکان، لەنێوان هەردوو یانەی شەبابی سعودی و زاخۆ لە سعودیە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و دروستبوونی شەڕ لە ناوچەکە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخران.
 
شەوی یەکشەممە یانەی زاخۆ بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک مەشقەکانی لە سعودیە ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی یارییەکە بکرێت، ئەمڕۆش یانەکە دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان.
 
هوشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، کاژێر 14:30 لە فرۆکەخانەی ریازەوە دەچینە عەرعەر، لەوێشەوە بۆ رەمادی و پاشان بە پاس بەرەو زاخۆ بەڕێدەکەوین، ئەم گەشتەی یانەکە نزیکەی 12 کاژێر دەخایەنێت تاوەکو تیپەکە دەگاتەوە زاخۆ.
 
بەشێکی یاریزانان کە هەریەکە لە محەممەد سۆلە، ئاندرێ چێکیجی، ماتیۆس لوکاسن، بەهۆی ئەوەی هێشتا مافی مانەوەیان لە عێراق بۆ دروستنەکراوە، ناتوانن بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە، بۆیە لەگەڵ ئەیوب ئودیشۆ، راهێنەری یانەکە بە فرۆکە دەچنە ئیستەنبوڵ، لەوێشەوە دەچنە شرناخ و پاشان دەگەڕێنەوە زاخۆ.
 
زاخۆ ئامادەکارییەکی باشی بۆ یاریی بەرامبەر شەباب کردبوو و بە ورەیەکی بەرزەوە چووە سعودیە، بەڵام یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.