لامین بە خەمبارییەکی زۆرەوە دەرکەوت و سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا هاتەدەنگ
رووداو دیجیتاڵ
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لەسەر رووداوەکانی یاریی دۆستانەی وڵاتەکەی و میسر هاتە دەنگ و دەڵێت "ئەوەی روویدا قبوڵکراو نییە."
لە یارییەکی دۆستانەدا کە لە یاریگەی ئار سی دی ئای تایبەت بە یانەی ئیسپانیۆل ئەنجامدرا، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و میسر رووبەڕووی یەکبوونەوە و یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، هاندەرانی ئیسپانیا لە کاتی لێدانی سروودی نیشتمانیی میسر هەستانەوە سەرپێ، ئاهەنگیان گێڕا و هاواریان دەکرد ئەوەی هەڵنەپەرێت موسڵمانە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لەبارەی رووداوەکانی ئەو یارییەوە گوتی "ئەوەی لە کۆرنێیا روویدا قبوڵکراو نییە و پێویستە دووبارە نەبێتەوە."
سەرۆکوەزیران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت ""ئێمە ناتوانین رێگە بدەین کەمینەیەکی دواکەوتوو وێنەی ئیسپانیا وەک وڵاتێکی فرەیی و لێبوردە بشێوێنن، هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێ و هاندەرانیشی لەمە بەدەر نین."
سانچێز لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی ""پشتگیریی تەواوی خۆم بۆ ئەو وەرزشوانانە رادەگەیەنم کە بەهۆی ئەم رووداوەوە ئازاریان چەشتووە و سڵاو بۆ هەر کەسێک دەنێرم کە بە رێزگرتنەکەی پشکدار دەبێت لەوەی وڵاتەکەمان بکاتە شوێنێکی باشتر."
ئەم قسانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لەکاتێکدایە، لامین یامال، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە بەشێک لە پرسەکە کاتێک نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو کارەی بەشێک لە هاندەرانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێشاندا.
لامین یامال، دوای یارییەکە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە یاریگە چووە دەرەوە و لە بەشێکی دیمەنەکانی دوای یارییەکەدا دەردەکەوێت سڵاو لە هاندەرانی لارۆخا ناکات، دوای ئەوەش رایگەیاند، شانازی بەوەوە دەکات کە موسڵمانە، سەرەڕای ئەوەی یاریی بۆ ئیسپانیا دەکات.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی نووسیوویەتی "دروشمەکانی هاندەران بۆ سەر هەڵبژاردەی میسر کاریگەریی خراپیان لەسەر لامین یامال هەبووە و تەلەڤزیۆنەکانی ئیسپانیا دیمەنەکانی نیگەرانیی ئەو یاریزانەیان تۆمارکردووە و کاریگەرییەکی زۆر بە رووخسارییەوە دیارە."
رادیۆی کادینا سێری ئیسپانی دەڵێت "لامین بە خەمبارییەوە دەرکەوتووە و کاتێکیش لە یاریگە چووەتە دەرەوە لەلایەن پاسەوانەکانی یاریگەوە چاودێریی دۆخەکەی کراوە، دەرکەوتنی ئەو زۆر بە ئازار بووە و بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەرکەوتووە."