فلیک بڕیاری کۆتایی لەسەر دەرکردنی یاریزانێکی داوە

رووداو دیجیتاڵ

 

دوای بینینی ئاستی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، هانزی فلیک بڕیاری لەسەر چارەنووسی یاریزانێکی دا و رێگە نادات جارێکی دیکە بەشێوەی سەرەکی یاری بۆ تیپەکەی بکاتەوە.
 
فێران تۆرێس سەرەتای وەرزەکەی بەشێوەیەکی نایاب لەگەڵ بارسێلۆنا دەستپێکرد؛ گۆڵی یەک لە دوای یەکی تۆمار دەکرد و بۆ ماوەیەکی درێژ لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولدا بوو، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزەکە لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکان، ئاستی یاریزانەکە پاشەکشەیەکی روونی بەخۆوە بینی، ئەمەش نیگەرانیی هانزی فلیک و کارگێڕیی یانەکەی لێکەوتەوە، تەنانەت لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیایش تۆرێس نەیتوانی وەک پێویست بدرەوشێتەوە.
 
فلیک پێیوایە فێران چیدی ئەو بژاردە بەهێزە نییە کە تیپەکە وەک 'سەرەڕم' پشتی پێببەستێت، چونکە لە دوایین سێیەکی یاریگادا خاوەنی ئەو بڕیارە یەکلاکەرەوە و کاریگەرییە نییە کە داوا دەکرێت. سەرەڕای هەندێک ساتەوەختی ئەرێنی کەم، بەڵام کۆی گشتی بەشدارییەکانی لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی بارسێلۆنا یان هەڵبژاردەی ئیسپانیادا نییە.
 
لە دوایین یاریی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا، چاوەڕوان دەکرا تۆرێس خاڵی گۆڕانکاری بێت، بەڵام ئاستی قایڵکەر نەبوو. کەمیی وردی و کاریگەرییەکەی وایکرد راهێنەرە ئەڵمانییەکە گومانی لە تواناکانی هەبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی هێرشبەر، سەرەڕای ماندووبوونە زۆرەکەی لە ناو یاریگادا.
 
ئێستا فلیک ئەو بژاردەیەی پێباشترە کە رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی، هەرچەندە لە باشترین دۆخی خۆیدا نییە، بەڵام هێشتا بژاردەی یەکەمە. لە لایەکی دیکەشەوە، بیرۆکەی یاریکردن بە 'هێرشبەری وەهمی' لای فلیک بەهێزتر بووە، بەتایبەت بەبوونی ناوێکی وەک دانی ئۆلمۆ کە جووڵە و نەرمییەکی زیاتر بە هێرشبەر دەبەخشێت، کە ئەمانە لە تۆرێسدا نین.
 
پەیامەکە روونە؛ فێران تۆرێس پێویستە دەستبەجێ ئاستی خۆی باشتر بکات، ئەگەرنا رۆڵەکەی زۆر سنووردار دەبێت و لەوانەیە لە یارییە چارەنووسسازەکاندا بەتەواوی لە پلانەکانی فلیک بچێتە دەرەوە. بارسێلۆنا لەبەردەم قۆناخێکی هەستیاردایە و فلیک بەدوای گەرەنتیی هێرشبەریدا دەگەڕێت، ئێستاش فێران ئەو گەرەنتییە نییە.