داهاتووی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دیارنییە و چەند یانەیەک لەسەرهێڵن

 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتووی ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید لەگەڵ یانەکە دیار نییە و یانەیەکی نێوداری ئەورووپا چاودێریی دۆخی یاریزانەکە دەکات بۆ ئەوەی هەوڵی گواستنەوەی بدات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، رکابەریی چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ دەکات بۆ ئەوەی تواناکانی یاریزانە فەرەنسییەکە بەدەستبهێنێت و لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا کاماڤینگا بگەڕێنێتەوە خولی فەرەنسی.
 
بەپێی رۆژنامەکە، یانەکانی ئینگلتەرا بەبێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرابکرێت، پێیانوایە یاریزانەکە بەهۆی خێرایی و توانای جەستەییەوە بۆ پرێمەرلیگ گونجاوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری گرنگیپێدانەکەیان بەو یاریزانە.
 
هێشتا لەلایەن ریال مەدریدەوە بڕیار لە داهاتووی یاریزانەکە نەدراوە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن گرنگیپێدانی بەردەست لەلایەن یانەکانی ئەورووپاوە بۆ ئەو یاریزانە هەیە و دەرگاکان بەڕووی هەموو سیناریۆیەکدا کراوەن بۆ گواستنەوەی هاوینی داهاتوو.
 
ئەوەی بووەتە هۆکاری ناڕوونی داهاتووی کاماڤینگا لەگەڵ ریال مەدرید، دووبارەبوونەوەی پێکانەکانی یاریزانەکەیە، کە بەهۆیەوە خولەکەکی کەمتر یاریی دەکات و کاریگەرییەکەشی کەمتر بووەتەوە.
 
کاماڤینگا تەنیا لەم وەرزەدا سێجار تووشی پێکانبووە، بەو هۆیەوە 60 رۆژ دوورکەوتووەتەوە، بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی ریال مەدرید و فەرەنسا بەشداریی لە 11 یارییدا نەکردووە.
 
ئێدواردۆ کاماڤینگا، تەمەنی 23 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2029 کۆتایی دێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ.