وادەی کڕینەوەی راشفۆرد لەلایەن بارسێلۆناوە کۆتاییهات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا هەلی کڕینەوەی مارکۆس راشفۆرد، هێرشبەری ئینگلیزی و یانەی مانچێستەر یونایتدی لەدەستدا و مانەوەی ئەو یاریزانە لە ریزەکانی یانە ئیسپانییەکەدا پێویستی بە رێککەوتنی نوێیە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، بژاردەی کڕینەوەی مارکۆس راشفۆرد، لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە بەرامبەر 26 ملیۆن پاوەند کۆتاییهات و وادەکە رۆژی 31-3 بەفەرمی تەواو بوو.
 
رادیۆی کادینا سێری ئیسپانی دەڵێت "ئەمە مانای ئەوەیە کە بارسێلۆنا پێویستە دانوستاندنی نوێ لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد بکات، ئەگەر بیەوێت وادەی خواستنی یاریزانەکە لە ریزەکانی یانەکەیدا درێژبکاتەوە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە مانچێستەر یونایتد پێشتر درێژکردنەوەی خواستنی یاریزانەکەی رەتکردبووەوە.
 
ئێستا داهاتووی مارکۆس راشفۆرد دیارنییە، بەتایبەت کە وادەی کڕینەوەی کۆتاییهات، بۆیە پێویستە مانچێستەر یونایتد نرخێکی نوێ دیاری بکات، ئەگەر بیەوێت بەشێوەی هەمیشەیی دەستبەرداری هێرشبەرە ئینگلیزییەکە ببێت. هەر لەبەرئەوەش مانەوەی یاریزانەکە لە بارسێلۆنا دیارنییە.
 
راشفۆرد تەمەنی 28 ساڵە، یاریزانەکە لەم وەرزەدا 39 یاریی بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامداوە، 10 گۆڵ و 13 ئەسیستی هەیە.
 
گرێبەستی مارکۆس راشفۆرد لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر یانەکە بیەوێت دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت پێویستە نرخەکەی دابەزێنێت.