بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس.. کڕینی درێسەکانی ئامەدسپۆر چوار هێندە زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکێشیدەکات و نزیکبوونەوەی لە گەیشتن بە سوپەرلیگی وەرزی داهاتوو، نێوبانگی یانەی ئامەدسپۆر بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و درێسی یانەکە لە بازاڕدا نەماوە.
 
یانەی ئامەدسپۆر لە خولی پلە یەکی تورکیا یاریی دەکات، ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە و رکابەری لەسەر گەیشتن بە سوپەرلیگ دەکات بۆ وەرزی داهاتوو، ئەنجامە باشەکانی یانەکە بوونەتە هۆکاری ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی هاندەرانی روو لە زیادبوون بکات و خواستیش لەسەر کەلوپەلەکانی یانەکە زیاتر دەبێت، بەتایبەتیش کڕینی درێسەکانی یانەکە.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو سپۆرتس، یانەی ئامەدسپۆر بەهۆی داواکاریی زۆر بۆ کڕینی درێسەکانی رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و یانەکە ئێستا بە دروستکردنی درێسی نوێ راناگات و هەزاران هاندەر چاوەڕێی درێسی یانەکە دەکەن.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، خواست لەسەر درێسەکانی یانەکە چوار بۆ پێنج هێندە زیادیکردووە و رۆژ لە دوای رۆژیش خواستەکە زیاتر دەبێت.
 
ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، نێوبانگی ئامەدسپۆر تەنیا لە ئامەد نەماوەتەوە، ئێستا یانەکە لەسەر ئاستی هەموو تورکیا و جیهانیش خاوەنی نێوبانگێکی زۆرە، بە جۆرێک پێشتر 40٪ـی درێسەکانی ئامەدسپۆر لە ئامەد دەفرۆشران، بەڵام ئێستا گۆڕانکاریی زۆر روویداوە و 70٪ـی درێسەکانی یانەکە لە دەرەوە دەفرۆشرێن.
 
زۆرینەی داواکارییەکان بۆ کڕینی درێسی ئامەدسپۆر لە رێگەی ئۆنلاینەوەیە و هاندەران لە هەموو جیهان داوای درێسی تیپە کەسک و سوورەکە دەکەن.
 
ئامەدسپۆر 6 یاریی لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیا ماوە، رۆژی یەکشەممە بەرامبەر یانەی بۆلوسپۆر یاریی دەکات. یانەکە لە پلەی دووەمی ریزبەندە و بە جیاوازیی دوو خاڵ لە یانەی ئەرزرووم سپۆرەوە دوورە و نزیکە بگاتە رکابەرییەکانی سوپەرلیگ بۆ وەرزی داهاتوو، کە گەورەترین ئاستی تۆپی پێی تورکیایە.