سەرۆکی ئامەدسپۆر: دەزانین ئامەدسپۆر نوێنەرایەتیی چی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لەبارەی ئەو پەیامەی یانەکەیان کە تێیدا هاتبوو، "هیوای سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردەی تورکیا لە رێگەی گەیشتن بە جامی جیهانی دەخوازین!" رایگەیاند، ئەمە بەرپرسیاریێتییە و لێدوانی لەم شێوەیەیان دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، یەکی ئاداری 2026 لە شارۆچکەی پەیاس سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، بە بەشداریی دەستەی هونەری و بەڕێوەبەرانی یانەی ئامەدسپۆر، بەرنامەیەک رێکخرا.
لە بەرنامەکەدا هەڵسەنگاندنی گشتی بۆ وەرزەکە کرا و ئامانجی یانەکە بۆ گەیشتن بە سوپەرلیگ تاوتوێ کرا.
دوای ئەوەی یەکلایی بووەوە کە هەڵبژاردەی تورکیا بەشداریی جامی جیهانی دەکات، ئامەد سپۆر لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانەکانی کوردی و تورکی پەیامی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، ئەمەش هەندێک لە لەلایەنگرانی ئامەد سپۆری نیگەران کرد.
ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەکە رایگەیاند، یەکڕیزی و پشتیوانی بۆ ئامەدسپۆر دڵخۆشیان دەکات و ئەوان دەزانن ئامەدسپۆر نوێنەرایەتیی چی دەکات.
ئامەدسپۆر یانەیەکی تۆپی پێی ئامەد ـی باکووری کوردستانە و زۆربەی یاریزانەکانیان کوردن.
هاندەرانی ئامەدسپۆر زۆرجار لە یارییەکانی دەرەوەی ئامەد رووبەڕووی هێرشی رەگەزپەرستانە دەبنەوە و بینینی یارییەکانی یانەکەیان لێ قەدەخە دەکرێت.