خەونی ملیۆنان هاندەر؛ ئامەدسپۆر لە دەرگای سوپەرلیگ دەدات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر دوایین یاریی خۆی لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیا ئەنجامدەدات و بەدوای خەونێکدا دەگەڕێت کە ملیۆنان هاندەر چاوەڕێن ببێتە راستی.
ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 16:00 یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە رکابەرییەکانی گەڕی 38ـی خولی پلە یەکی تورکیا، بەرامبەر یانەی ئیدر یاریی دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە بگاتە سوپەرلیگ، کە بەرزترین ئاستی تۆپی پێیە لە تورکیا.
ئامەدسپۆر لە چوار یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، دوای یەکسانبوون لە یاریی رابردوو بەرامبەر بۆدرووم، یانەکە دەستبەرداری مەسعود بەقاڵ، راهێنەری یانەکەی بوو و گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە.
بەشێوەیەکی سەرتاچ کۆچۆکبایراک، وەکو راهێنەری ئەو یانەیە دەستنیشانکراوە و ئەمڕۆ سەرکردایەتی کەسک و سوور دەگات بەرەو گەیشتنە بەو ئامانجەی چەندین ساڵە، ئامەدسپۆر هەوڵی بۆ دەدات.
لەگەڵ وەرگرتنی راهێنەرایەتی ئامەدسپۆر، سەرتاچ دووجار پێش ئەنجامدانی مەشقەکان قسەی بۆ یاریزانان کردووە و هەردووجارەکە گوتوویەتی "پاڵەوانبوون لە ئامەدسپۆر دێت و دەمەوێت ئامەدسپۆر ببێتە پاڵەوانی گەیشتن بە سوپەرلیگ".
رۆژی هەینی یانەی ئامەدسپۆر بە ئامادەکارییەکی تەواوەوە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت چووە ئیدر، لەگەڵ یانەکەدا دەیان هاندەر، رۆژنامەڤان و بەرپرسی شارەکە چوون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بینەری دوایین یاریی یانەکەیان بن و پاڵپشتیی تیپەکە بکەن بۆ گەیشتن بە سوپەرلیگ.
بەر لە یارییەکە ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر بە رووداوی گوت "ئێمە بۆ بردنەوە هاتووین، یارییەکە دەبەینەوە و بە دڵخۆشییەوە دەگەڕێینەوە ئامەد."
ئێستا لەسەر ئاستی هەموو جیهان، هاندەران چاوەڕێی یارییەکەی ئەمڕۆی ئامەدسپۆر و سەرکەوتنی بۆ سوپەرلیگ دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر یانەکە نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە بەرزە.
ئامەدسپۆر چۆن دەگاتە سوپەرلیگ؟
یانەی ئامەدسپۆر ئێستا بەپێی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا، لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە، لەکاتێکدا هەمان ژمارەی خاڵی یانەی ئێرۆکسپۆری هەیە، بەڵام لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆی یانەکە راستەوخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامی یارییەکەی ئێرۆکسپۆر بەرامبەر پێندیک دەگاتە سوپەرلیگ.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، پێشتر بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم یانەکانی لە شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر دوو یانە لە خاڵدا یەکسانبوون، سەرەتا پشت بە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکانیان دەبەستێت.
لە دوو یاریی ئەم وەرزەدا کە ئامەدسپۆر بەرامبەر ئێرۆکسپۆر ئەنجامیداون، لە یاریگەی خۆیدا 2-1 لەو یانەیەی بردووەتەوە و لە یاریگەی ئەوان 1-1 یەکسانبوون، بەمشێوەیە یارییەکەی ئەمڕۆ بەتەواوی لە دەستی ئامەدسپۆردایە و ئەگەر بردییەوە راستەوخۆ دەگاتە سوپەرلیگ.
شێوازی بەڕێوەچوونی خولی پلە یەکی تورکیا بەم شێوەیەیە
هەردوو یانەی خاوەنی پلەی یەکەم و دووەمی ریزبەندی خولەکە، راستەوخۆ دەگەنە خولی سوپەرلیگ.
خاوەنی پلەی سێیەمی خولەکە دەگاتە یاریی کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆف.
پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە، بەرامبەر خاوەنی پلەی حەوتەم یاریی دەکات، خاوەنی پلەی پێنجەم و شەشەم رووبەڕووی یەکدەبنەوە، پاشان دوو تیپ سەردەکەون و براوەکەیان لە یاریی کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆفدا بەرامبەر خاوەنی پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە یاریی دەکات و یارییەکە لە یاریگەیەکی بێلایەن ئەنجامدەدرێت، بەمشێوەیە بلیتی سێیەمی سەرکەوتن بۆ سوپەرلیگ یەکلادەبێتەوە.
ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیا
37 یاریی کردووە
21 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە
10 یەکسانبوون
6 دۆڕاندن
78 گۆڵی تۆمارکردووە
39 گۆڵی لێکراوە
73 خاڵی کۆکردووەتەوە