ئالێگری سوورە لەسەر بونیادنانی وەرزی داهاتووی میلان لەچواردەوری مۆدریچ
رووداو دیجیتاڵ
ماسیملیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی میلان گوتوویەتی پڕۆژەی وەرزی داهاتووی میلان لەسەر بنەمای سەرکردایەتیی لوکا مۆدریچ دادەڕێژرێت.
مۆدریچ کە تەنیا یەک وەرز یاریی بۆ میلان کردووە، بووەتە سەرکردەی راستەقینەی تیپەکە لە یاریگادا و هەمووان دەیانەوێت ئەو ئەفسانە تەمەن 40 ساڵانە، گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
لوکا بەهۆی شکانی ئێسکی رووخساری، لە دوایین چوار یاریی میلان لە وەرزی ئەمساڵی سێر ئا، بەشداری ناکات.
ماڵپەری 'کالچیۆ مێرکاتۆ' ئاشکرایکردووە، یانەی میلان بەزوویی بەخۆکەوتووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی لوکا مۆدریچ کە لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.
لوکا هاوینی رابردوو بۆ ماوەی ساڵێک گرێبەستی لەگەڵ میلان کرد، پاشئەوەی ریزەکانی ریال مەدریدی بەجێهێشت.
ماڵپەرەکە دەڵێ، "ماسیملیانۆ ئالێگریی راهێنەر، کۆبوونەوەیەکی سێ کاژێریی لە بارەگای یانەکە لەگەڵ فۆرلانیی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە و ئایگلی تاری، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەدا کردووە".
لە کۆبوونەوەکەدا، "چەندین دۆسێی جیاواز باسکراون، دیارترینیان بڕیاردان لە نوێکردنەوەی گرێبەستی مۆدریچ، چونکە راهێنەری یانەکە پێیوایە وەرزی داهاتوو تیپەکەی لەچواردەوری سەرکردایەتیی یاریزانە کرواتییەکە دادەڕێژێت، لەبەرئەوەی سەرکردایەتییەکی دانایانەی تیپەکە دەکات لە یاریگەدا".
پێشتر میدیای ئیتاڵیا ویستی گەورەی کارگێڕیی میلانیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی مۆدریچ ئاشکرا کردبوو.
مۆدریچ لە وەرزی ئەمساڵدا بەشداریی لە 33 یاریی میلاندا کردووە و بووەتە مایسترۆی تیپەکە، دوو گۆڵی بۆ یانەکە لە یارییەکاندا تۆمارکردووە.