ئامەدسپۆر مێژووی تۆمارکرد و گەیشتە سوپەرلیگ
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان بۆ یەکەمجار گەیشتە رکابەرییەکانی سوپەرلیگ، دوای ئەوەی لە دوایین گەڕی خولی پلە یەکی تورکیادا لەگەڵ یانەی ئیدر یەکسانبوو.
لە دوایین گەڕی خولەکەدا، ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئیدر یارییکرد، لە یارییەکەدا تیپەکە پێویستی بەوە بوو یارییەکە بباتەوە، یانیش رکابەرەکەی نەیباتەوە بۆ ئەوەی بگاتە سوپەرلیگ.
لە یارییەکەدا هەردوو تیپ ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد و بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، بەم ئەنجامە و بە سوود وەرگرتن لە یەکسانبوونی یانەی ئێرۆک بەرامبەر یانەی پێندیک کە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، یانەکە وەکو خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە گەیشتە رکابەرییەکانی سوپەرلیگ.
دوای تەواوبوونی یارییەکە، یاریزانانی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگەی ئیدر ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا، هاندەرانی تیپەکە لە ئامەد و ئیستەنبوڵ چوونە سەر شەقامەکان و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.
ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا لەگەڵ چوار راهێنەری جیاواز وەرزەکەی تێپەڕاند، رکابەرییەکی زۆری کرد و یاریزانی زۆری گواستەوە تاوەکو گەیشتە سوپەرلیگ.
دوایین راهێنەری یانەکە سەرتاچ کۆچۆکبایراک بوو، کە تەنیا چوار رۆژ پێشکۆتاییهاتنی گەڕی کۆتایی خولەکە، پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکەی وەرگرت و بە متمانەی زۆرەوە گوتی "ئامەدسپۆر دەکەمە پاڵەوان و کردی".
ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیادا، 38 یاریی ئەنجامدا، 21 یاریی بردەوە، 11 جار یەکسانبوو، 6 یاریی دۆڕاند.
یانەکە 81 گۆڵی تۆمارکرد و دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەری هەبوو، 42 گۆڵی لێکرا و 74 خاڵی کۆکردەوە.
جگە لەوەی ئامەدسپۆر گەیشتە رکابەرییەکانی وەرزی داهاتووی سوپەرلیگ، ئێمبای دیانێ، هێرشبەری سەنیگالی یانەکە بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولی پلە یەکی تورکیا و ریکۆردی تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵی لە وەرزێکی خولەکەدا یەکسانکردەوە.
دوای گەیشتنی یانەی ئامەدسپۆر بە خولی سوپەرلیگی تورکیا، یانەکانی دهۆک و زاخۆ بە جیا پیرۆزبایی لە یانەی ئامەدسپۆر دەکەن.
یانەی زاخۆ نووسیوویەتی "پیرۆزە دڵی کوردان"
پەیامی یانەی زاخۆ بۆ ئامەدسپۆر
بەناوی سەرۆک و دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە یانەی کوردان، ئامەدسپۆر دەکەین ب بۆنەی گەیشتنی بە سوپەرلیگی تورکیا. ئەم دەستکەوتە مێژووییە بۆ هەموو کورد و ئامەدسپۆرە و ئێمە دڵخۆشین بەم سەرکەوتنە گەورەیە و بەردەوام پاڵپشتی ئامەدسپۆر دەبین. هاندەرانی هاندەرانی زاخۆ و ئامەد هەموو کاتێک دەستیان کردووەتە نێو دەستی یەکدی و بەیەکەوە بوون. پیرۆزە دڵی کوردان، ئامەدسپۆر.
پەیامی یانەی دهۆک بۆ یانەی ئامەدسپۆر
شانازی بە یانەی ئامەدەوە دەکەین و ئەوەی ئەمڕۆ کردیی دڵی هەموو کوردێکی خۆشکرد. ئێمە بە ئەنجامی ئەمڕۆتان دڵخۆشبووین. داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەین لە سوپەرلیگدا.