ئەردۆغان: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە ئامەدسپۆر و برا دیاربەکرییەکانم دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا، بە بۆنەی سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆر بۆ خولی نایابی تورکیا، پیرۆزبایی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "پیرۆزبایی لە ئامەدسپۆر دەکەم کە ساڵی داهاتوو لە خولی نایاب نوێنەرایەتیی دیاربەکرمان دەکات. لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە کۆمەڵگەی وەرزشیی ئامەدسپۆر و برا دیاربەکرییەکانم دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
لە دوایین یاریی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا، ئەمڕۆ یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی ئیدرسپۆر بووەوە و هەردوو یانە بە ئەنجامی 3 گۆڵ یەکسان بوون.
ئەم یەکسانبوونە لەکاتێکدابوو کە ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر کە رکابەرەکەی ئامەدسپۆر بوو، یەکسان بوو و نەیتوانی لە یانەی پەندیک سپۆر بباتەوە کە ئەم ئەنجامە وایکرد ئامەدسپۆر راستەوخۆ سەربکەوێت.
ئامەدسپۆر بەو یەکسانبوونەی لەگەڵ ئیدرسپۆر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 لە کۆی 38 یاری و لە خولی پلە یەکەوە چووە خولی نایابی تورکیا.