یاریگا زەرد دەپۆشێت و هەولێر دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لەنێو یاریگە و هاندەرانی، یارییەکی تایبەتی دەبێت و دەیەوێت لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوامبێت.
هەولێر لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، میوانداریی یانەی کەرخ دەکات و یارییەکە کاژێر 17:00 بەڕێوەدەچێت.
پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە هەولێر، ئامادەکارییەکی باشی کردووە و تیپەکەی باسم قاسم، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە و درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی ئامادەیە.
تیپەکەی قەڵا و منارە، لە دۆخێکی زۆرباشدایە و 13 یارییە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 63 خاڵ و بەشێوەیەکی کاتی چوار خاڵ لە دوای یانەی شورتەیە. بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە تیپەکە جیاوازییەکەی بۆ یەک خاڵ کەمدەکاتەوە و زیاتریش لە تەڵەبە دووردەکەوێتەوە.
پێش یارییەکە باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "هەولێر لە یارییەکانی رابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە و تواناکانی وەکو تیپێکی رکابەر دووپاتکردووەتەوە. ئامانجمان ئەوەیە بەردەوامبین لەسەر ئەم ئاستە و بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی."
راهێنەری هەولێر زیاتر دەڵێت "رووبەڕووبوونەوەی کەرخ زەحمەتە و تیپێکە گەشەی کردووە، یارییەکی زۆر گرنگە بۆ دیاریکردنی شوێنەکەمان لە ریزبەندی خولەکەدا. ئامانجمان روونە و دەمانەوێت رکابەری لەسەر سێ پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بکەین."
لەلایەن خۆیەوە سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر گوتی "ستایشی میدیایی بەرپرسیارەتیمان زیاتر دەکات، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین هەولێر بگەڕێنینەوە شوێنی ئاسایی خۆی. یاریی بەرامبەر کەرخ گرنگە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شوێنی خۆمان بکەین."
پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە، هاندەرانی یانەی هەولێر هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە و دەیانەوێت ئەمڕۆ یاریگای فرانسۆ هەریری بەتەواوی رەنگی زەرد بپۆشێت بۆ ئەوەی پاڵپشتیی شێرزوود تێمیرۆڤ و هاوڕێکانی بکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە و درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانیان.
بە ئامانجی ئەوەی زۆرترین هاندەر لە یاریگا ئامادەبێت، دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بڕیارییداوە نرخی بلیتی یارییەکە بۆ هەزار دینار کەمبکاتەوە.
سەرجەم یاریزانەکانی یانەی هەولێر بۆ یارییەکە ئامادەن، تەنیا مستەفا قابیل نەبێت، کە هەرچەند رۆژێک بەر لە یارییەکە لەسەر چیمەنی یاریگا مەشقی کرد، بەڵام بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەنییە.