سێ یاریزانی بارسێلۆنا لەژێر هەڕەشەی بێبەشبوونن لە کلاسیکۆ
رووداو دیجیتاڵ
سێ یاریزانی ریزەکانی بارسێلۆنا لە یارییەکەی ئەمڕۆ شەممە بەرامبەر ئۆساسۆنا لە گەڕی 34ی لالیگا، لەژێر هەڕەشەی 'سزا و بێبەشبوون' بەشداری دەکەن، چونکە هەر یەکێکیان کارتی زەرد بەرامبەر ئۆساسۆنا وەربگرێت ناتوانێت بەشداری لەیاریی کلاسیکۆدا بکات.
بەپێی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، رافینیا، مارک بێرناڵ گەڕاونەتەوە بۆ لیستی یانەی بارسێلۆنا، کە گەیشتنە شاری پامپلۆنا، ئەمەش دوای چاکبوونەوەیان لەو پێکانەی لە گەڕەکانی رابردوودا لە یاریگاکان دووری خستبوونەوە، لە کاتێکدا لامین یامالی ئەستێرەی لاو لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا بێبەش دەبێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چاوەڕوان ناکرێت رافینیا یان بێرناڵ لە پێکهاتەی سەرەکی تیپە کەتەلۆنییەکەدا بن، بەڵکو مەبەست ئەوەیە چەند خولەکێک یارییان پێ بکرێت بەئامانجی گەڕانەوەی هەستی یارییەکان بۆیان، وەک ئامادەکارییەک بۆ لووتکەی چاوەڕوانکراوی یەکشەممەی داهاتوو بەرامبەر ریال مەدرید لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو، کە ئەو یارییە لەوانەیە هەلێکی دووەم بداتە بارسێلۆنا بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە بەفەرمی ئەگەر لە گەڕی ئەمجارەدا یەکلایی نەبێتەوە.
رافینیا و مارک بێرناڵ رووبەڕووی مەترسی بێبەشبوون لە کلاسیکۆ دەبنەوە ئەگەر بەرامبەر ئۆساسۆنا یاری بکەن، چونکە هەر یەکێکیان ئەمڕۆ کارتی زەرد وەربگرێت مافی بەشداریکردن لە کلاسیکۆدا نامێنێت، هەمان ئەو بارودۆخەش رووبەڕووی فرێنکی دی یۆنگی هۆڵەندی هاوڕێیان دەبێتەوە، کە خەونی بەشداریکردنی لە کلاسیکۆ لەژێر هەڕەشەدایە بەهەمان هۆکار.
لەلایەکی دیکەوە، یارییەکەی پامپلۆنا وێستگەیەکی گرنگە بۆ خوان گارسیای گۆڵپارێز، کە لە حاڵەتی بەشداریکردنیدا، چانسی زیاتری پێدەدرێت کێبڕکێ لەسەر خەڵاتی زامۆرا بکات بۆ باشترین گۆڵپارێز، کە ئەو لەم وەرزەدا لەسەر رێڕەوێکی دروستە بەرەو بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.