ڤیدیۆ و وێنە؛ لە پاریس شەڕێکی گەورە روویدا و وەزیری ناوخۆ تووڕەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا هەمووان سەرقاڵی ئاهەنگگێران بوون، بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە، بەڵام شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە لە شارەکەدا روویدا و بەو هۆیەوە دەیان کەس دەستگیرکراون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
شەوی چوارشەممە لە پاریس شەوێکی تێکەڵ بوو لە ئاهەنگ و شەڕکردن، بەشێکی شارەکە ئاهەنگی بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەگێڕا و بەشێکیشیان سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس و نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی بوون.
 
بەپێی میدیای فەرەنسا، هۆکاری سەرەکی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان، شەڕ و ئاژاوەی نێوان هاندەران و پۆلیس، دزی، تاڵانکردن، سووتاندنی دووکان، ئۆتۆمبێل و مۆتۆر بووە لەنێو شارەکەدا و بەو هۆیەوە کوڕێکی 17 ساڵ و ژنێکی 20 ساڵ لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکاندا کوژراون.
 
بەهۆی تووندیی شەڕ و ئاژاوەکان، ژمارەیەک پۆلیس برینداربوون، پۆلیسی فەرەنساڵ دەڵێت "یەکێک لە پۆلیسەکان بەهۆی ئەوەی بەهەڵە یارییە ئاگرینەکان هەڵدراون و لە چاوەکانیدا برینداربووە و خراوەتە ژێر چاودێریی چڕەوە."
 
برۆنۆ ریتیلۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی رووداوەکان قسەیکرد و بە تووڕەییەوە گوتی "هەندێک ژمارەتان لەبارەی رووداوەکانەوە پێدەڵێم، یەکەم شت 563 کەس دەستگیرکراون، لەنێویاندا 307 کەسیان لای پۆلیسن، ئێمە لەنێو پێڵاوفرۆشییەکی وەرزشیدا بەتەنیا 30 کەسمان دەستگیرکرد. هەروەها چەندان کەسی دیکە لەکاتی سووڕانەوەیان لە شەقامەکان پاش ئەنجامدانی دزی و بردنی کەلوپەلی جیاواز دەستگیرکراون."

 

 
ریتیلۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "من زۆر تووڕەم، وەک هەر فەرەنسییەکی دیکە کە چاومان بەمجۆرە دیمەنانە رانەهاتووە، هەروەها رانەهاتووین بەتووندوتیژی لەو شێوەیە. ئێستا ئێمە چیدی ناتوانین کۆبوونەوەیەکی گەورەی وەرزشی ئەنجام بدەین، بەبێ ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری پۆلیس و ئاسایش، ئەمەش جێگەی پرسیارە. پێموایە فەرەنسا وەکئەوەی ناومان ناوە، فەرەنسای کەسە دەستپاکەکانە، لەسەر ئەمجۆرە کارانە رانەهاتووە، ئەمە رووداوێکی باوەڕپێنەکراوە. کاتێک باوکان دەتۆقن لەبەرئەوەی منداڵەکانیان چوونەتە دەرەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی رووداوێکی وەرزشییەوە، ئیدی ئەوە باوەڕپێنەکراوە."

 
وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت "هێزەکانی ئێمە لە ئامادەباشیدابوون، ئەوان ئازایەتییەکی سەرسوڕهێنەریان پێشاندا. دەمەوێت پەسنی ئازایەتیی ئەوان بدەم لەسایەی دۆخێکدا کە پڕی تووندوتیژی بوو، ئەوان قوربانییەکەیاندا، چونکە لەم ساتەدا کە من قسەتان بۆ دەکەم، نزیکەی 30 کەس لە هێزەکانی سوپا و پۆلیس بریندارب، هەندێکیان برینیان زۆر مەترسیدارە."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا، هەر لەنێو شەڕ و ئاژاوەکەدا 192 کەسی دیکە برینداربوون و هێرشکراوەتە سەر شوێنە گشتییەکانیش و شەقامی شانزێ لیزێ بەتەواوی تێکدراوە.
 

ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ شاندی یانەکەی سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بوو بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بەڵام نیگەرانیی خۆی لەبارەی رووداوەکانەوە پێشاندا و گوتی"ئێمە دڵخۆش، سەرمەست و شانازین، بەڵام ئەمڕۆ کاتێک ئەو خەڵکانەمان بینی لەسەر شەقامەکان، هەستێکی بێوێنەیان بۆ دروستکردین. من پێشتر هەستی لەو شێوەیەم نەبووە، لەبەرئەوەی زۆر نایاب بوو. دەستکەوتێکی مەزنمان بەدەستهێنا. باوەڕبەوەناکەین کە بەدەستمان هێناوە. بەڵام من داوا لە خەڵک دەکەم ئارام بن، ئەمە وەرزشە. با هەمووان بەئارامی بمێننەوە، ئەمە ساتێکی ناوازەیە بۆ هەمووان، نامانەوێت هیچ رووداوێک رووبدات،  نامانەوێت کەس بمرێت، ئەمە ئاواتی ئێمە نییە، چونکە ئەمە وەرزشە."

 
جگە لە پاریس لە گرێنۆبڵ، لە باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنساش لەنێو ئاهەنگی هاندەراندا شەڕ و ئاژاوە روویدا، چوار کەس برینداربوون و برینی دوو کەسیان سەختە.
 
پاریس سانجێرمان، یەکەمجارە لە مێژوویدا نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەباتەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە 5-0 سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بەدەستهێنا.