نەسڕ پلانەکەی رادەستی رۆناڵدۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

بۆ ئەوەی رازی بکەن گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، یانەی نەسڕی سعودی پلانێکی داناوە بۆ ئەوەی پێشکێشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکەن.
 
میدیای سعودی دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندنەکانی نێوان بەرپرسانی یانەی نەسڕ و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی و کاپتنی تیپەکەی ئاشکراکرد بۆ ئەوەی رازی بێت بۆ دوو وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکەدا بمێنێتەوە.
 
لەم دواییانەدا مشتومڕێکی بەرفراوان لەسەر رۆناڵدۆ دروستبووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا کۆتایی دێت بەبێ ئەوەی هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بکرێت.
 
سەرەڕای ئەمەش، فێرناندۆ هیێرۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی نەسڕ، لەم دواییانەدا رایگەیاند کە یانەکەی هەوڵدەدات گرێبەستی رۆناڵدۆ نوێ بکاتەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد "هەوڵدەدەین لەگەڵ کریستیانۆ بگەینە رێککەوتن بۆ بەردەوامبوون، دەزانین رۆناڵدۆ لەلایەن زۆر لە یانەکانی جیهانەوە خواستی لەسەرە".
 
میدیای سعودیش دەڵێت "کارگێڕیی یانەی نەسڕ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی پلانەکەی بخاتە بەردەم کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەو هیوایەی بگەنە رێککەوتن لەسەر گرێبەستێکی نوێ".
 
روونیشیکردەوە، کارگێڕیی یانەکە ئامانجی ئەوەیە گڵۆپی سەوز لە رۆناڵدۆ وەربگرێت پێش ئەوەی پڕۆژە نوێیەکەی جێبەجێ بکات، کە بریتییە لە بەهێزکردنی هونەری بەرچاو و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکی بۆ وەرزی داهاتوو، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ خواستەکانی ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، یانەی نەسڕ ژمارەیەک ناوی بەهێزی لە لیستی ئامانجەکانی هاوینەدا داناوە، دیارترینیان لویس دیازی هێرشبەری باڵی یانەی لیڤەرپوول و دەیڤد هانکۆی بەرگریکاری یانەی فاینۆرد و یاریزانێکی ناوەڕاستی ئاست بەرزی جیهانییە.
 
بڕیارە لەماوەی چەند رۆژێکدا کارگێڕیی نەسڕ پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ رۆناڵدۆ و نوێنەرانی دەستپێبکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاماژە ئەرێنییەکان سەبارەت بەخواستی رۆناڵدۆ بۆ درێژەدان بەئەزموونی سعودیە هەن، بەمەرجێک دیدگای تەکنیکی و ئاواتەکانی روون بێت.
 
لە وەرزی رابردوودا رۆناڵدۆ ئاستێکی بەرزی تاکەکەسی پێشکێشکرد، کە لە 30 یارییدا لە خولی سعودیە 25 گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام تیپەکە لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ نائومێد بوون و لەدوای ئیتیحاد و هیلال پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
 
ئامادەنەبوونی هەڵبژاردەکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بژاردە بۆ وەرزی داهاتوو، قسە و باسەکانی لەسەر داهاتووی رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسڕ زیاتر کردووە، بەتایبەتی کە دەرچوونی لە رکابەرییە کیشوەرییەکان گورزێکە لە خواستەکانی ئەو یاریزانە جیهانییە لە کۆتایی ژیانی وەرزشیی خۆیدا.