ڤیدیۆ؛ سەڵاحەدین سیامەند بووە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان و بەڵێنی هەیە
رووداو هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە لە رێوڕەسمێکی وەرزشیدا بەشێوەیەکی فەرمی سەڵاحەدین سیامەند، پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانی وەرگرت.
سەڵاحەدین سیامەند، پێشتر یاریزانێکی نێودەوڵەتی بوو، وەک یاریزان یاری بۆ یانەی هەولێر کردووە و ئەستێرەی سەردەمی زێڕینی یانەکە بووە و نازناوی خولی نایابی عێراقی بۆ درێس زەردەکان بردووەتەوە، یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی و یەکەمی عێراق بووە، وەک جێگری سەرۆک لەنێو دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر کاری کردووە.
لە کاتی ناساندنی سەرۆکی نوێی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان کە لە هۆڵی میدیای ناوشاری هەولێر بوو، ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزیری رۆشنبیری لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دەستخۆشی لە ستافی پێشووی یەکێتییەکە دەکەم و ئەو گۆڕانکارییە بەهۆی شتێک نەبووە، بەڵکو لە هەموو شوێنێک گۆڕانکاری هەر هەیە و برایانی پێشوو کاری باشیان کردووە و ئومێد دەکەین ستافی نوێش خزمەتی گەورە بکەن".
ستافێکی نوێ لەگەڵ سەرۆکە نوێیەکەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان دەستبەکاربوون کە بریتین لە: محەممەد خۆشناو، خالید وەلید، فەرمان محەممەد و سەڵاح ئیبراهیم.
سەڵاحەدین سیامەند، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، لە یەکەم لێدوانی رۆژنامەڤانیدا بۆ رووداو گوتی "زۆر پڕۆژە و کارم بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەیە، بەڵام من کارەکان بە راوێژکردن لەگەڵ برایانم دەکەم، پێکەوە هاتووین بۆ جوانکردنی تۆپی پێی کوردستان، هەندێک شت هەن وەک خراپی یاریگەکەکان کە لە ئاستی خواست و هاندەرانی یانەکانی کوردستان نین، دەبێت گۆڕانکاریش بکەین کە لە یەک کاتدا چەند یارییەک لە شارێک بەڕێوەدەچن".
پێشتر تارق عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بوو، دوای بەجهێشتنی پۆستەکەی ئاشکرایکرد "ماڵئاواییم نەکردووە و بوونم هەیە، لەوانەیە لە داهاتوودا بۆ ئەرکێکی دیکە پێم بڵێن، لە ماوەی کارکردنم هیچ سەختیم نەبێت تەنیا دواکەوتنی پارەی یەکێتییەکەمان زۆر ناخۆش بوو".
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان سەرپەرشتی خول و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەکات.