"گاڵتە بە کریستیانۆ دەکرێت.. میستیانۆ پێناڵدۆ"

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی بی بی سی بەریتانی، گاڵتە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی کرد، دوای ئەوەی لە یارییەکەی لەگەڵ سلۆڤینیا لە قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024 لێدانی سزای لەدەستدا.
 
تۆڕە بەنێوبانگەکە، کۆمێنتێکی گاڵتەجاڕانەی نووسی دوای ئەوەی رۆناڵدۆ لێدانی سزای لەدەستدا، و ناوی لێنا "میستیانۆ پێناڵدۆ"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە هەلی بەفیڕۆدانی لە یارییەکەی لەگەڵ سلۆڤینیادا، لەنێویاندا لێدانی سزا لەدەستدا.
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە ماوەی 120 خولەکدا لە کاتی ئاسایی و زیادکراودا، نەیتوانی گۆڵ بەرامبەر سلۆڤینیا تۆماربکات، کە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و پۆرتوگال بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، بەئەنجامی 3-0 سەرکەوت.
 
رۆناڵدۆ دوای ئەوەی لێدانی سزای لەدەستدا، دەستیکرد بە گریانێکی بەکوڵ، کە لە کاتی یارییەکەدا و دوای کۆتاییهاتنی لێدانەکانی یەکلاکەرەوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە جۆن تێری، ئەستێرەی پێشووی یانەی چێڵسی و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لەسەر ئەو کۆمێنتەی دژی رۆناڵدۆ رەخنەی تووندی ئاراستەی تۆڕە بەریتانییەکە کرد.
 
تێری گوتی "ئەم لێدوانە شەرمەزارییە، بی بی سی دەیویست کۆتایی بە ئەفسانەیی رۆناڵدۆ بهێنێت، بەڵام دواپێکەنینەکەی لە یارییەکەدا هی خۆی بوو، و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی بەدەستهێنا.
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، بەرامبەر فەرەنسا لە یارییەکی لووتکەی سەرنجڕاکێشدا یاری دەکات، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی فەرەنساش بە ئەنجامی 1-0 لە بەلجیکای بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی 8ـی پاڵەوانێتییەکە.