ڤیدیۆ؛ دۆرتموند وەکو دوایین یانە گەیشتە قۆناخی 8ـی مۆندیال
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی وەکو دوایین یانە گەیشتە قۆناخی هەشتی مۆندیالی یانەکان، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی مۆنتێری مەکسیکی بەدەستهێنا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە خولەکی 13 سێرهۆ گێراسی بە ئاسیستی کەریم ئادێمی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ دۆرتموند تۆمارکرد.
خولەکی 23 جارێکی دیکە ئادێمی ئاسیستی کرد و سێرهۆ گێراسی گۆڵی دووەمی بۆ یانە زەردپۆشەکە تۆمارکرد.
نیوەی یەکەمی یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی بۆرووسیا دۆرتموند کۆتاییهات.
دوو خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم، مۆنتێری ئەنجامەکەی کەمکردەوە و جێرمان بێرترامێ گۆڵێکی بۆ یانەکە تۆمارکرد.
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا، سێرخیۆ رامۆس خۆی بۆ تۆمارکردنی گۆڵێکی مێژوویی تاقیکردەوە، بەڵام تۆپەکەی بێ ئەنجام چووە دەرەوە.
دۆرتموند یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و وەکو دوایین یانە گەیشتە قۆناخی هەشتی مۆندیال و مۆنتێری و رامۆس ماڵئاواییان لە رکابەرییەکە کرد.
لە قۆناخی هەشتدا ئەرکی دۆرتموند ئاسان نابێت، کاتێک رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید دەبێتەوە.