راهێنەری یوڤێنتوس دوای دۆڕانیان بەرامبەر ریال مەدرید چی گوت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیگۆر تۆدۆر، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس لە خراپی کەشوهەوا و سەختی بارودۆخی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال ناڕازییە و باسی کیلیان ئێمباپێ دەکات.
 
راهێنەری یوڤێنتوس لە دوای دۆڕانیان بەرامبەر ریال مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر و ماڵئاواییکردنیان لە مۆندیالی یانەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بارودۆخەکە بەڕاستی سەخت بوو. دە یاریزان داوایان لێکردم گۆڕانکاریان پێبکەم. زۆر ماندوو ببوون. چەندین هۆکار هەن کە کاریگەرییان لەسەر ئەمە هەبوو. ئەمە کۆتایی وەرزێکی درێژە و گوشارێکی زۆر لەسەر یاریزانەکان بووە و وزەی لێ سەندوون."
 
ئیگۆر زیاتر لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەو کەشوهەوایەی تێیدا یارییان کرد بەڕاستی سەخت بوو، هەروەها شێ-یش. هەموو ئەم هۆکارانە دۆخەکەیان زۆر قورستر دەکرد. هەروەها گەرما، ئەوەش شتێکی دیکە بوو کە کارەکەی قورستر دەکرد."
 
راهێنەری بیانکۆنێری پێی وایە ئێستا کاتی پشووە و گوتی "پێموایە ئێستا کاتی پشوودانە. سێ هەفتە پشوومان دەبێت، بۆیە پێم وا نییە بەشداریکردن لە جامی جیهانیی یانەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەرمان هەبێت. بەڵام بەڵێ، پێویستە پشوویەک وەربگرین، سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە و بەهێزتر بگەڕێینەوە."
 
تۆدۆر باس لە ئاستی تیپەکەی دەکات لە یارییەکەدا و گوتی "یاریزانەکان هەموو توانای خۆیان بەکارهێنا، ئێمە باشترین کارتەکانمان بەکارهێنا، بەڵام بەداخەوە ئەوە بەس نەبوو. ئەگەر وانەیەکیش هەبێت، ئەوەیە کە دەزانین دەتوانین رکابەریی هەندێک لە باشترین یاریزانانی جیهان بکەین و ئەمەش ئەزموونێکی بەنرخە کاتێک بەرامبەر یانەی ئاستبەرز یاری دەکەیت."
 
راهێنەری یوڤێنتوس لەبارەی کیلیان ئێمباپێ بە رۆژنامەڤانانی گوت "چی دەگۆڕێت ئەگەر ئێمباپێ بێتە نێو یاریگەوە؟ زۆر باشە.. ئیشەکە وەک لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی لێ دێت. ریال مەدرید خۆی لەسەر دووسەد دەڕوات، کاتێک ئێمباپێ دێتە یاریگەوە، خێراییەکەی زیاتر دەکات."