ئەلۆنسۆ شۆک بووە؛ درۆ دەکەم ئەگەر ئەمە بڵێم
رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید ستایشی ئاستی تیپەکەی دەکات و لەبارەی دۆرتموندەوە لە ئێستاوە هۆشداری دەدات.
راهێنەری ریال مەدرید دوای بردنەوەیان لە یوڤێنتوس و گەیشتنیان بە قۆناخی هەشتی مۆندیالی یانەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەم یارییانە یان دەگەیتە قۆناخی داهاتوو یان دەچیتە ماڵەوە، ئێمە سەرکەوتین، بەڵام هێشتا ماوە پێشکێشی بکەین و زیاترمان دەوێت. ئێمە باشتر دەبین و وردە وردە گەشە دەکەین."
ئەلۆنسۆ زیاتر قسەیکرد و گوتی "لەم پاڵەوانێتییەدا هەر هەڵەیەک بە گران لەسەرت دەوەستێت، وەکو ئەوەی لە دوو یاریی یەکەمدا بینیمان، ئێمە یارییەکی باشمان کرد و لە نیوەی دووەمدا باشتربووین، بەداخەوە کە نەمانتوانی گۆڵی دووەم تۆماربکەین، بەڵام ئەمە یوڤێنتوسە."
لەبارەی یارییکردنیان بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند لە قۆناخی داهاتوودا راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت "بێگومان، بە باشی شارەزای یانەی دۆرتمۆندم. چەندین جار ڕووبەڕوویان بووینەتەوە. هەروەها لەگەڵ نیکۆ کۆڤاچ وەرزێکی نایابیان بەڕێکردووە و جۆرێک لە بەردەوامی لە ئاستیاندا هەیە."
چابی ئەلۆنسۆ زیاتر گوتی "ئێستا چاوم بە چەند یارییەکیان کەوتووە. راهێنەرەکەشیان بە هەمان شێوە دەناسم. زۆر بە باشی دەیناسم، چونکە پێشتر راهێنەری من بووە. ئەمە شێوازی یاریکردنی بایرن میونشنە و ئاگادارم کە گۆڕانکاری لە یاریزانان و تەنانەت لە سیستەمی یاریکردنیاندا دەکەن، ئێمەش بە وردی چاودێریی ئەم بابەتە دەکەین، بەڵام لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، بێگومان ئەوان دەبنە رکابەرێکی زۆر بەهێز و تیمێکی زۆر باشن، ئێمەش ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئامادەکاری بکەین."
دوای ئەوە چابی لەبارەی یاریزانەکانییەوە قسەیکرد و لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی کیلیان ئێمباپێ گوتی "پێموایە رۆژ بە رۆژ کیلیان باشتر دەبێت، لە کاتی یارییەکانی چارەکی کۆتاییشدا لە دۆخێکی زۆر باشتردا دەبێت. چاوەڕێ دەکەین بزانین چی روودەدات. من هەموو رۆژێک قسەی لەگەڵ دەکەم و لە هەست و دۆخی دەپرسمەوە."
ئەلۆنسۆ باس لە ئاستبەرزیی گۆنزالۆ گارسیا دەکات و دەڵێت "زۆر دڵخۆشم بۆ گۆنزالۆ و هەموو یاریزانەکانی دیکە، پێویستە بەردەوامبێت و ئەم پاڵەوانێتییە ببێتە پاڵنەرێک بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم رێگەیە، من ئەوم دەناسی، بەڵام درۆ دەکەم ئەگەر بڵێم چاوەڕێی ئەم ئاستە بەرزەم لێی دەکرد، لە 4 یارییدا 3 گۆڵ بکات، بەڵام دەمزانی هەموو توانایەکی دەخاتەگەڕ، توانایەکی زۆری هەیە و بەرگریکارەکان ماندوو دەکات، گۆشاریان دەخاتە سەر و بەباشی کاردەکات بۆ ئەوەی هاوکاریی هەموو تیپەکە بکات."
پرسیاری فێدریکۆ ڤاڵڤێردی لە ئەلۆنسۆ کرا، ئەو بە پێکەنینەوە گوتی "هەموو شتێک لەگەڵ ئەو ئاسانە، ڤاڵڤێردی یاریزانێکی کامڵە، بە تۆپ و بەبێ تۆپیش، ئەو سەرکردەیەکی راستەقینەیە و لەو یاریزانانەیە کە لە ئاستی یەکەمە."
ریال مەدرید شەوی شەممەی داهاتوو لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا کاژێر 23:00 بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی یاری دەکات.