ریال مەدرید بۆ 9 لە یاریزانەکانی: بڕۆن
رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید لەسەر فەرمانی چابی ئەلۆنسۆ بە 9 لە یاریزانەکانی گوتووە "بڕۆن، یانەیەکی دیکە بۆ خۆتان بدۆزنەوە"، بەڵام هەر نۆ یاریزانەکە رەتی دەکەنەوە لە مێرینگێ بڕۆن.
دوای کۆتاییهاتنی پشووی 21 رۆژەی یاریزانان کە لەدوای دەرکران لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانی یانەکان بەرامبەر پاریس سانجێرمان دەستی پێکردبوو، ریال مەدرید دەستی بە خۆئامادەکردن کردەوە بۆ دەستپێکی وەرزی نوێ بەسەرپەرشتی راهێنەری ئیسپانی چابی ئەلۆنسۆ.
ریال مەدرید رووبەڕووی قەیرانێک بووەتەوە بەهۆی پێویستیی رۆیشتنی چەند یاریزانێک، چونکە تەنیا توانیویەتی دەستبەرداری هەندێک یاریزانی گەنج و دوو ئەستێرە: لوکا مۆدریچی کرواتی و لوکاس ڤاسکێز، لەگەڵ بەرگریکار ڤاییخۆ بێت بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکانیانەوە.
ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ هەریەک لە ئەلێکساندەر ئارنۆڵدی ئینگلیزی بە گرێبەستێکی ئازاد لە لیڤەرپوولەوە و بەرگریکاران دین هاوسن و ئەلڤارۆ کارێراس و ئەستێرە گەنجە ئەرجەنتینییەکە فرانکۆ ماستانتۆنۆ واژۆکردووە.
سەرەڕای ئەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە کاتی یارییەکانی جامی جیهانی یانەکاندا لەڕێگەی ئەو پێکهاتەیەی پشتی پێ بەستبوو، ئاماژەی بە چەند یاریزانێک دا، بەڵام هیچ کام لەو یاریزانانەی مانەوەیان خوازراو نییە، نایانەوێت بە ئاسانی بڕۆن.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی مارکا، هیچ یاریزانێک یان بەڕێوەبەری کارەکانی، داوای رۆیشتنی پێشکێشی کارگێڕیی ریال مەدرید نەکردووە و گفتوگۆی لەسەر دۆخی یاریزانەکەی نەکردووە، سەرەڕای هەموو ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاکاندا لەبارەی داهاتووی 9 یاریزانەوە بڵاوبوونەتەوە، کە بریتین لە: گۆڵپارێزی ئۆکراینی ئاندرێ لونین، بەرگریکاران: داڤید ئالابای نەمسایی، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێری ئەڵمانی، فێرلاند مێندیی فەرەنسی، و فران گارسیا ئیسپانی، و یاریزانی ناوەڕاستی ئیسپانی دانی سیبایۆس و دوو هێرشبەرە بەرازیلییەکە: رۆدریگۆ گۆس و ئێندریک و گۆنزالۆ گارسیای ئیسپانی.
هەروەها هیچ یانەیەک دەستەوارەی پێشکێشی ریال مەدرید نەکردووە بۆ هیچ یەکێک لەو 9 یاریزانە، نە تۆتێنهام بۆ رۆدریگۆی بەرازیلی، نە ریال بێتیس بۆ دانی سیبایۆس، نە ئەو یانانەی کە دەیانەوێت ئێندریکی بەرازیلی یان هێرشبەر گۆنزالۆ گارسیا بەخواستن ببەن.
دوای گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکاران دین هاوسن و ئەلڤارۆ کارێراس، ریال مەدرید دەیەوێت دەستبەرداری داڤید ئالابا بێت، کە گرێبەستەکەی لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت، هەروەها یەکێک لە دوو بەرگریکاری باڵ فێرلاند مێندی یان فران گارسیا.
هەروەها ریال مەدرید دەرگای کردووەتەوە بۆ رۆیشتنی ئەنتۆنیۆ رۆدیگێری ئەڵمانی، بەپێی خواستی خۆی و ئەگەر دەستەوارەیەکی باشی پێبگات. لەکاتێکدا گۆڵپارێزی ئۆکراینی ئاندرێ لونین خوازیاری رۆڵێکی گەورەترە و راپۆرتەکان بەڕۆیشتن بۆ پرێمیەرلیگی ئینگلیزییەوە دەیبەستنەوە، و دانی سیبایۆسیش ئەگەر بڕیاری رۆیشتن بدات، پێی باشە بگەڕێتەوە بۆ ریال بێتیس.
رۆژنامەی مارکا پێیوایە کە لایەنی دارایی هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە لەم حەزنەکردنە بە رۆیشتن؛ چونکە یاریزانانی ریال مەدرید وەرزی رابردوو سەرەڕای نەبردنی هیچ نازناوێک، مانگانە تێکڕا 850 هەزار یۆرۆیان وەک مووچە وەرگرتووە، کە ئەمەش مووچەیەکە 95٪ـی یانەکان ناتوانن دابینی بکەن.
ریال مەدرید چاوەڕوانی گفتوگۆی راهێنەر چاڤی ئەلۆنسۆیە لەگەڵ یاریزانەکاندا دوای گەڕانەوەیان، بۆ روونکردنەوەی پلانەکانی بۆ وەرزی داهاتوو و رۆڵیان لە تیپەکەدا، بەهیوای ئەوەی هەندێک لە یاریزانەکان ئارەزووی خۆیان بۆ رۆیشتن لەم هاوینەدا دەرببڕن، لەکاتێکدا تەنیا مانگێک بۆ کۆتاییهاتنی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە ماوە.