ڤیدیۆ؛ پارێزگاری هەولێر سەرۆکی نوێی یانەی هەولێری راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

 

پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، رایگەیاند کە بەکۆی دەنگ سەفین یاسین بەسەرۆکی یانەی هەولێر دەستنیشاکرا و دووپاتیکردەوە کە لەئەمڕۆوە دەرگای یانەی هەولێر دەکرێتەوە و هەموو شتێک دەکەن لەپێناو یارمەتیدانی یانەکە و دەربازکردنی لەو دۆخە کە تێیکەوتبوو.
 
ئومێد خۆشناو، لە سەرەتای کۆنگرەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ماوەیەکی زۆرە یانەی هەولێر لە دۆخێکی خراپدایە و رووبەڕووی کێشە و گرفتێکی زۆر بووەتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر هەمیشە پاڵپشت و یارمەتیدەری یانەکە بوونە، بۆیە ئەوان دەیانەوێت جارێکی دیکە کێشەکانی یانەکە چارەسەر بکەن و شکۆ بۆ یانەکە و هاندەرانی بگەڕێننەوە.
 
ئەو گوتی "لە 15ـی7ـی2025 هەڵبژاردن کراوە، ماوەی دوو هەفتە زیاترە هەندێک بەربەستیان کەوتووەتە رێگا، بەڵام لە ئەمڕۆوە کێشەکان چارەسەر کران و هیوادارین دەستەیەکی کارگێڕیی یەکگرتوو بۆ یانەکەمان هەبێت".
 
پارێزگاری هەولێر، گوتی "بەکۆی دەنگ سەفین یاسین بە سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر دەستنیشانکرا و هیوادارین هەموومان پێکەوە یارمەتیدەریان بین بۆ ئەوەی یانەکەمان بگەڕێتەوە دۆخێکی باش و هاندەرانمان ئاشت بکەینەوە".
 
ئۆمێد خۆشناو لە بەشێکی قسەکانیدا ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە رێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک دژایەتی یانەی هەولێر بکەن یان هەوڵ بدەن کێشەی بۆ دروست بکەن و گوتی "ئەوەی دژایەتی یانەی هەولێر بکات رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە".
 
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پاڵپشت و یارمەتیدەری هەولێر بووە و گوتی "ئەو چەندینجار سەردانی یانەی هەولێری کردووە".
 
هەروەها دووپاتیکردەوە کە سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەن کە لە رابردوودا یارمەتی یانەکەیان داوە و هیوای خواست هەمووان لە قۆناخی داهاتوودا هاوکاری یانەی هەولێر بکەن و هەمووان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی یانەکەی پایتەخت بکەن.
 
پارێزگاری هەولێر دووپاتیکردەوە کە هیوادارن دەستەی نوێی یانەی هەولێر سەرکەوتوو بن و بتوانن یانەکە بگەڕێننەوە شوێنی شایستەی خۆی و گوتی "بەڵام خوانەخواستە ئەگەر سەرکەوتوو نەبوون، ئێمە شکۆی یانەکەمان و شارەکەمان لەسەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێین".
 
ئەو 6 ئەندامەی دەستەی کارگێریی یانەکە دەمێننەوە و ناوی سەفین یاسینیش بۆیان زیاد دەکرێت و دەبێتە سەرۆکی یانەکە.
 
سەفین یاسین، سەرۆکی نوێی یانەی هەولێریش بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە بۆ یارمەتیدانی یانەکەمان هاتووین، درێخی ناکەین لە خزمەتکردنی یانەی هەولێر".
 
هەروەها گوتی "پەیوەندیمان بەهەموو لایەنەکانەوە کردووە یارمەتیمان بدەن، سوپاسی هەر کەسێک دەکەین کە خزمەتی یانەی هەولێر دەکات".