مۆرینیۆ رێگری دەکات.. ئەستێرەیەکی دیار یانەیەکی کوردستانی رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، داوای ئەستێرەیەکی پێشووی پرێمەرلیگ و ئێستای یانەی فێنارباخچە دەکات، بەڵام مۆرینیۆ رازی نییە یاریزانەکە بڕوات.
بەپێی هەواڵی میدیای تورکیا یانەی ئامەدسپۆر بۆ وەرزی نوێی خولی پلە یەکی تورکیا، چاوی لە ئەستێرە و هێرشبەرێکی بەنێوبانگی هەڵبژاردەی تورکیایە و دەستەوارەی فەرمیی پێشکێشی جێنک تۆسون، یاریزانی یانەی فێنارباخچە کردووە بۆ ئەوەی هێڵی پێشەوەی یانەکەی بۆ وەرزی نوێ بەهێزتربکات.
رۆژنامەی فەنەتیکی تورکی دەڵێت "هێرشبەرەکەی یانەی فێنارباخچە دەستەوارەکەی لەلایەن ئامەدسپۆرەوە پێگەیشتووە، بەڵام دەستەوارەکەی رەتکردووەتەوە."
چەند سەرچاوەیەکیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی فێنارباخچە نایەوێت توسۆن لە یانەکەی بڕوات بەبێ ئەوەی هێرشبەرێکی سەرەکی و باشتر لە تیپەکەیدا هەبێت، بەتایبەت کە خۆیان بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێی سوپەرلیگ ئامادەدەکەن.
پێشتر توسۆن قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کردبوو و گوتی "دەمانەوێت ئامادەبین بۆ پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگ"، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەیەوێت لە یانەکە بمێنێتەوە.
جێنک تۆسون، لە ئەڵمانیا لە دایکبووە و تەمەنی 34 ساڵە، یاریزانەکە پێشتر لە خولی ئەڵمانیا یاریی بۆ یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت کردووە، لە خولی تورکیا لە ریزەکانی یانەی گازی عەنتاب و بێشکتاش کردووە، لە پرێمەرلیگدا یاریی بۆ کریستال پاڵاس و ئێڤێرتۆن کردووە و ئێستاش یاریزانی یانەی فێنارباخچەیە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردە، تۆسون لە 2006 تاوەکو 2011 لە تیپی خوار 16 ساڵان تاوەکو خوار 21 ساڵان یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکرد، دوای ئەوە لە 2012 بووە یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیای خوار 21 ساڵان و لە 2013ـەوە یاریزانی هەڵبژاردەی یەکەمی ئەو وڵاتەیە.