دانی کارڤاخال باسی ئەنچێلۆتی، ئەلۆنسۆ، لامین و ڤینیسیۆس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دانی کارڤاخالی بەرگریکەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، پاش گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی لارۆخا لە چاوپێکەوتنێکدا وەڵامی زۆر پرسیاری جیاوازی داوەتەوە لەبارەی چەندین پرس لەبارەی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
کارڤاخال دەڵێ رۆیشتنی ئەنچێلۆتی لە ریال مەدرید پێویست بوو. بەرگری لە لامین یامال دەکات و دەڵێ ئەویش وەک هەر کەسێکی دیکە هەڵە دەکات.
کارڤا دڵخۆشیی خۆی بەگەڕانەوە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەربڕی، دەڵێ، "پێشوازییەکی نایابم لێکرا. بەویست و خەونی گەورەوە گەڕامەوە، وەک ئەوەی یەکەم رۆژم بێت لە هەڵبژاردەکە"
کاپتنەکەی ریال مەدرید دەڵێ، ماوەیەکی قورسم تێپەڕاند، بەڵام ئێستا بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە گەڕاومەتەوە".
دانی دەڵێ، "شەش یاریمان هەیە بۆ گەیشتن بەمۆندیال. لەوانەیە یاریی فینالیسیماش ئەنجام بدەین بەرامبەر پاڵەوانی ئەمریکای باشوور، دواتر جامی جیهانی و دەکرێ ئیدی مێژوو بنووسینەوە".
کارڤاخال باسی گەشەکردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیای کردووە و دەڵێ، "پێشتر تیپەکە لە ئازایەتی و قووڵایی کەم بوو، بەڵام ئێستا تێکەڵەی لاوان و ئەزمووندارانە، ئێستا تۆپی پێیەکی جوانی هێرشبەرییانە پێشکێش دەکەین. ئێمە بەربژێرێکی ئاسایی بردنەوەی مۆندیالین، بەهۆی ئاستمانەوە لە نەیشنسلیگ و یۆرۆ".
ئەو دووپاتیکردووەتەوە دۆخی هەڵبژاردەکە وەک یەک خێزان وایە لە دوای یۆرۆوە، بەهۆی گونجانی گەورەی نێوان یاریزانان.
لەبارەی لامین یامالی ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەکەوە، کارڤاخال دەڵێ، "ئەو بەهرەمەندێکی بێوێنەیە، تەمەنی 18 ساڵە و لە بارسێلۆنا رۆڵێکی گەورەی هەیە، وەک هەر کەسێکی دیکە هەڵە دەکات، بەڵام ئەگەر بەم ئاستەوە بەردەوام بێت، لە داهاتوودا رکابەریی لەسەر باڵۆندۆر دەکات".
کارڤا بەپێکەنینەوە دەڵێ، "من لە تەمەنی ئەودا یاریزانی کاستیا بووم لە ریال مەدرید".
بەرگریکەرەکەی ریال مەدرید و ئیسپانیا دەڵێ، پێکانەکەی ماوەی دواییم قورسترینی کاروانی وەرزشیم بوو، بەڵام ریال مەدرید پشتگیرییەکی ناوازە و بێوێنەیان کردم و هاوکارم بوون بۆ چاکبوونەوە.
ئەو لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ریال مەدریدەوە دەڵێ، "رۆیشتنی ئەنچێلۆتی و هاتنی چابی ئەلۆنسۆ پێویست بوو، لەگەڵ چابیدا ئێمە رێکخراوترین، گوشاری زیاتر دەکەین، لەسەر رێگەی راستین، ئەگەرچی هێشتا لە قۆناخی گەشەکردنین".
ئاوڕی لە بابەتی رکابەریکردن لەگەڵ ئەلیکساندەر ئارنۆڵدی یاریزانی نوێی یانەکە کردووە کە لەهەمان شوێنی ئەو یارییدەکات و دەڵێ، "رکابەرییەکی تووندە بەڵام پۆزەتیڤە، وام لێدەکات باشترین ئاستی خۆم پێشکێش بکەم".
کارڤا، پەسنی تواناکانی رۆدری و ئێمباپێی داوە، دەڵێ ئەو بە44 گۆڵ لە وەرزی رابردوودا یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان.
کارڤاخال هەروەها، قسەی لەبارەی ئاستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە ریال مەدرید کردووە و دەڵێ، "ئەو رووبەڕووی گوشاری زۆر دەبێتەوە لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە، بەڵام ئامۆژگاریم بۆی ئەوەیە کە بیرکردنەوەی لای یارییەکە بێت، ئەوکات کەس ناتوانێ ئەو رابگرێت".