پێدری: لە ریال مەدرید پێیانگوتم تۆ لەئاست کوالیتیی ئێمەدا نیت


رووداو دیجیتاڵ

پیدری گۆنزالێس، ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی باسی لە شۆکێک کردووە لە ژیانی وەرزشیدا و دەڵێ ریال مەدرید منیان رەتکردەوە.
 
پێدری کە ئێستا تەمەنی 22 ساڵە، کاروانی خۆی لەگەڵ لاوانی یانەی لاگۆنا دەستپێکردووە، بەرلەوەی بچێتە تیپی لاوانی خوار 19 ساڵی لاس پاڵماس و دواتریش ببێتە یاریزانی تیپی یەکەمی ئەو یانەیە.
 
پێدری کە دوای تەنیا دوو مانگ لە تیپی یەکەمی لاس پاڵماسەوە رووی لە بارسێلۆنا کرد و ئێستا یەکێکە لە دیارترین ناوەڕاستکارەکانی جیهان، ئاشکرایکردووە یەکەمجار لە ریال مەدرید دەستی بەتاقیکردنەوە کردووە، بەڵام لەوێ بەبیانووی خراپیی کوالیتییەوە رەتکراوەتەوە.
 
تێچووی گواستنەوەی پێدری بۆ بارسێلۆنا 26 ملیۆن یۆرۆ بوو. لە 2020ەوە بووە یاریزانی سەرەکیی پاڵەوانی ئیسپانیا.
 
پێدری لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا دەڵێ، لەسەرەتاکانی دەستپێکردنی کاروانی وەرزشیم، لە ئەکادیمیای ریال مەدرید تێستم کرد، ئەو دەڵێ، دوای تاقیکردنەوە لە ڤاڵدیبێباسی تایبەت بەیانەی ریال مەدرید، رەتیانکردمەوە، گوتیان تۆ لە ئاستی یاریزانانی دیکەی ئەکادیمیاکەدا نیت.
 
ئەو دەڵێ، ئەوە وەڵامێکی ناخۆش بوو، بەڵام بەخێرایی تێمپەڕاند و روومکردە لاس پاڵماس.
 
پێدری تاوەکو ئێستا 205 یاریی بەدرێسی یانەی بارسێلۆناوە ئەنجامداوە، 27 گۆڵی تۆمارکردووە و 21 ئەسیستی هەیە، یەکێکە لە دیارترین یاریزانە سەرەکییەکانی ئێستای ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا.