فلیک دوای یاریی پاریس هەڕەشەی دەرکردنی لە سێ یاریزانی کردووە

رووداو دیجیتاڵ

 

دوای یاریی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان، هانزی فلیکی راهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە لە ژووری جلگۆڕیندا بەڕووی یاریزانەکانیدا تەقیوەتەوە و راشکاوانە سێ یاریزانی بەهۆکاری شکستەکە زانیوە و هەڕەشەی دوورخستنەوەی لێکردوون لە پێکهاتەی تیپەکەی.
 
لە شەوێکی شۆکهێنەری ئەوروپیدا، بارسێلۆنا تووشی یەکەم شکستى ئەم وەرزەی بوو بەرامبەر پاریس سانجێرمان، دوای ئەوەی لە ساتەکانی کۆتاییدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک دۆڕا، لەو یارییەی کە ئێوارەی چوارشەممە لە یاریگای لویس کۆمپانیەسی ئۆڵۆمپی لە چوارچێوەی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەڕێوەچوو.
 
کەوتنێکی چاوەڕوان نەکراو
 
هەمووان چاوەڕێی ئەوە بوون کە بارسێلۆنا بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامە باشەکانی، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی یاریگەکە روویدا پێشبینییەکانی بەتەواوی گۆڕی. یانە کەتەلۆنییەکە ئاستێکی زۆر باشی پێشکێش نەکرد، لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا کەمتەرخەم بوو و بەهێز نەبوو، بۆیە پاریس سانجێرمان لە کاتێکی کوشندەدا بردنەوەیەکی بەدەستهێنا لەکاتێکدا هەمووان وایان دەزانی یارییەکە بەرەو یەکسانبوون دەچێت.
 
دۆڕانەکە تەنیا لەدەستدانی سێ خاڵ نەبوو، بەڵکو قەیرانە قووڵترەکانی ناو بارسێلۆنای ئاشکراکرد، بەتایبەتی لەسەر ئاستی تاکەکەسی، ئەمەش ناڕەزایەتی راهێنەری نوێ، هانزی فلیکی ورووژاند، کە زۆر تووڕە دیاربوو لە ئاستی هەندێک یاریزان.
 
فلیک سێ یاریزان بە بەرپرسیار دەزانێت لە شکستەکە
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە، فلیک دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە  لە ژووری جلگۆڕیندا بەڕووی یاریزانەکانیدا تەقیوەتەوە و تووڕەیی تووندی خۆی نیشانداوە، بەئاشکرا رەخنەی لە سێ یاریزانی یانەکە گرتووە، کە بریتین لە هەریەک لە دانی ئۆلمۆ، فێران تۆرێس و پاو کوبارسی، ئەوانی بەبەتایبەت بە بەرپرسیاری سەرەکی شکستەکەیانی زانیوە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن فلیک هەڕەشەی دەرکردنی لێکردوون و پێیگوتوون "پێویستیم بە یاریزانی وەک ئێوە نییە! ئێوەم بۆ چییە بەم ئاستەوە؟!".
 
دانی ئۆلمۆ، کە وەرزی رابردوو پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، بەردەوامە لە پێشکێشکردنی ئاستێکی خراپ بەبێ هیچ کاریگەرییەکی بەرچاو لە هێڵی هێرشبردن. ئەو دەرفەتانەی کە یاریزانەکە لەدەستی دەدات بوونەتە مایەی نیگەرانی.
 
هەروەها فێران تۆرێسیش سەرەڕای ئەوەی گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام بەردەوام بوو لەسەر ئاستی ناجێگیری، چونکە نەیتوانی سوود لە بۆشاییەکان وەربگرێت یان هیچ مەترسییەکی راستەقینە لەسەر گۆڵی پاریس دروست بکات، لەکاتێکدا خراپترین دەرکەوتن هی پاو کوبارسی، بەرگریکاری لاو بوو، کە چەندین هەڵەی کوشندەی ئەنجامدا و نیشانەکانی دڵەڕاوکێی لە هەموو تۆپێکی یەکلاکەرەوەدا پێوە دیار بوو.
 
بڕیارە چاوەڕوانکراوەکان
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، فلیک دەیەوێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، لەوانەش دوورخستنەوەی ئەو سێ یاریزانە لە پێکهاتەی سەرەکی، بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بەو یاریزانانەی کە ئامادەتر و کاریگەرترن.
 
تەنانەت ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە راهێنەرە ئەڵمانییەکە دەرگایشی کردووەتەوە بۆ فرۆشتنی دانی ئۆلمۆ لە حاڵەتی گەیشتنی دەستەوارەیەکی گونجاو کە خواستەکانی بەڕێوەبردن و بەڕێوبەرایەتی یانەکە جێبەجێ بکات، بەتایبەتی کە یاریزانەکە تاوەکو ئێستا ئەوەی پێشکێش نەکردووە کە شایەن بێت بە نرخەکەی لە بازاڕدا.
 
ریزبەندیی گرووپەکە ئاڵۆزتر دەبێت
 
بەهۆی ئەم شکستەوە، کۆی خاڵەکانی بارسێلۆنا لە 3 خاڵدا مایەوە لە پلەی شانزدەهەم، لەکاتێکدا پاریس سانجێرمان کۆی خاڵەکانی بۆ 6 خاڵ بەرزکردەوە و بۆ پلەی سێیەم سەرکەوت، ئەمەش هاوکێشەکانی گرووپەکە ئاڵۆزتر دەکات و فلیک دەخاتە ژێر گوشارێکی زیاترەوە پێش یارییەکانی داهاتوو.