ڤیدیۆ؛ ئیسلام ماخاچێف بەرەو ئەفسانەبوون هەنگاو دەنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەک میراتگری عەرشی حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤی ئەستێرەی بەنێوبانگی یارییەکانی هونەری شەڕکردن، ئیسلام ماخاچێڤی پاڵەوانی رووسی لە هونەرەکانی شەڕ، لە کێشی سووک بووەتە جێگەی باس و خواسی میدیاکان.
زۆر لە چاودێران پێیانوایە ماخاچێڤ باشترین زۆرانبازی جیهانە لە کێشی 70 کیلۆگرامیدا، بەڵگەشیان ئەو ئاستە بەرزە بوو کە هەفتەی رابردوو لە پاڵەوانێتی یو ئێف سیدا، بەرامبەر دان هۆکەری پاڵەوانی نیوزیلەندی نیشاندا و بە ئاسانی لێیبردەوە، تەنانەت ئەوەندە نەمابوو دەستی بشکێنێت.
پاڵەوانێتی یو ئێف سی دەستکەوتێکی گەورەبوو بۆ رووسیا، کە لە کۆی 6 پاڵەوانی یاریزانی براوەدا 5ـیان رووسی بوون، بەڵام سەرکەوتنەکەی ماخاچێڤ هەندێک جیاواز بوو، چونکە ئەو رووبەڕووی پاڵەوانێک بووەوە، کە لە پۆلینی جیهاندا شەشەمە لەسەر ئاستی 70 کیلۆگرامی، کە یەکێکە لە زەحمەتترین رکابەرییەکان، بێجگە لەوەش یاریزانە رووسییەکە توانی لە گێمی یەکەمدا و تەنانەت لە تەنیا 2 خولەک و 25 چرکەدا بەسەر پاڵەوانە نیوزیلەندییەکەدا سەربکەوێت، کە کەمی مابوو دەستیشی بشکێنێت.
دوای تەواوبوونی ئەو یارییە، ماخاچێڤ هیچ کاتێکی دانەنا بۆ ئەوەی یاریی داهاتووی بکات و رایگەیاند کە دەیەوێت شەڕ لەسەر نازناوەکە بکات، ئەو پاڵەوانە رووسییە هاواریکرد "شەڕی داهاتوو پێویستە لەسەر نازناوەکە بێت، شەڕێکی یەکلاکەرەوە، لەبەرئەوەی من خاوەنی 9 سەرکەوتنی بەسەریەکەوەم".
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "کێ لە کێشی مندا ئەمەی هەیە؟ تەنیا چارلز ئۆلیڤێرای پاڵەوان".
ئیسلام ماخاچێڤ، یەکێکە لەو بەربژێرانەی پێشبینی دەکرێت وەک مووشەک لە هونەرەکانی شەڕدا دەربکەوێت و بەخێرایی ببێتە پاڵەوانی جیهان، بەڵام پێویستە سەرەتا چاوەڕێ بکات یارییەک لەنێوان چارلز ئۆلیڤێرا و داستن بۆیرێر بەڕێوەبچێت، ئینجا داوای رووبەڕووبوونەوەی براوەی ئەو یارییە بکات.
حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ، پاڵەوانی بەنێوبانگی رووسی، کە وازی لە یاریکردن هێناوە و بە بەردەوامی پشتگیری لە ئیسلام ماخاچێڤ دەکات، پێیوایە ماکخاچیڤ میراتگری راستەقینەی ئەوە.
حەبیب کە ساڵانێکی زۆر لەگەڵ ئیسلام پێکەوە مەشقیان دەکرد و ئێستا خۆی سەرپەرشتی مەشقەکانی هاوڕێیەکەی دەکات، گوتیشی "ئیسلام ماخاچێڤ ئامادەیە و لە 2022 پشتێنەکە دەباتەوە".