ڤیدیۆ؛ مێسی گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد، بەڵام دۆڕان
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد، بەڵام لە دووەم یاریی پلەی ئۆفدا دۆڕان و لە یارییەکی دیکەدا پێویستە ببەنەوە.
لە دووەم یاریی پلەی ئۆفدا لە خولی ئەمریکا، ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ناشڤیڵ یارییکرد.
دوای تەنیا 6 خولەک یارییکردن، لێدانێکی سزا بۆ خاوەن یاریگە هەژمارکرا و سام سوریدج سەرکەوتووانە گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ناشڤیڵ تۆمارکرد.
دوای ئەوە ئینتەرمەیامی هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و بەپێچەوانەوە، لە دوایین خولەکی کاتی ئاسایی نیوەی یەکەمدا جۆش باوەر گۆڵی دووەمی بۆ ناشڤیڵ تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر تەواو بوو.
لە نیوەی دووەمدا ئینتەرمەیامی هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئەنجامەکە چڕکردەوە، لە خولەکی 89 لیۆنێل مێسی بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ یانەی میوان کەمکردەوە.
ناشڤیڵ یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و رکابەرییەکەی گەیاندە یاریی سێیەم، ئێستا هەریەکەیان خاوەنی بردنەوەیەکن، رۆژی شەممەی داهاتوو یارییەکی دیکەی یەکلاکەرەوە دەکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی خولی ئەمریکا.