ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ دوو گۆڵی تۆمارکرد و نەسڕ حەوتەم یاریی بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ سەرکردایەتیی یانەی نەسڕی کرد بۆ درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی و بەهێزکردنی شوێنی خۆی لە پێشەنگی خولی سعودی.
لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی سعودیە، یانەی نەسڕ میوانداریی یانەی فەیحای کرد، دوای 13 خولەک یارییکردن جاسۆن گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد و فەیحا پێشکەوت.
لە خولەکی 36 کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەمی یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
لە دوایین ساتەکانی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ نەسڕ هەژمارکرد کاتێک گەڕایەوە بۆ سیستمی ڤار.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی خۆی و نەسڕی تۆمارکرد، ژمارەی گۆڵەکانی لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا گەیاندە 952 گۆڵ و نەسڕ حەوتەم بردنەوەی لەسەریەکی لە خولی سعودیدا تۆمارکرد.