سەرۆکی ریال مەدرید دوای یاریی ڤالێنسیا بۆ یاریزانێکی دەچێتە ژووری جلگۆڕین

رووداو دیجیتاڵ

 

فلورێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دوای بردنەوە گەورەکەیان لە ڤالێنسیا بەتایبەت چووەتە ژووری جلگۆڕینی یانەکەی بۆ ئەوەی پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ئەلڤارۆ کارێراسی بەرگریکار بکات بۆ ئەو ئاستە بەرزەی لە یارییەکەدا پێشکێسی کرد.
 
ریال مەدرید لە گەڕی 11ـی لالیگادا، پێشەنگی خۆی لە ریزبەندیدا قایمتر کرد دوای بردنەوە گەورەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا بەئەنجامی 4-0 و  ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 30 خاڵ و بە جیاوازی 7 خاڵ لە پێش ڤیاریالەوەیە کە لە پلەی دووەمدایە، بەڵام بارسێلۆناش ئەمڕۆ یاری دەکات و دەکرێت بگەڕێتەوە پلەی دووەم.
 
کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆش بەسەر یاریگای سانتیاگۆ بەرنابیۆدا زاڵ بوو، چەند رۆژێک پێش رووبەڕووبوونەوەی لیڤەرپوول لە گەڕی چوارەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
ئەم جۆش و خرۆشە وای لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید کرد، دوای یارییەکە بچێتە ژووری جلگۆڕین بۆ پیرۆزباییکردن لە یاریزانەکانی بەهۆی ئەم بردنەوە گەورەیە، بەڵام وەک سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە باسی دەکەن، پێرێز بەتایبەتی بۆ کارێراس چووەتە نێو یاریزانەکانی، چونکە زۆر بەپەرۆش بووە بۆ ستایشکردنی بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە یارییەکەدا پێشکێشی کرد و یەکەم گۆڵی خۆیشی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە پێرێز لەنێو هەموو یاریزانکانیدا پەسنی ئاستە نایابەکەی ئەلڤارۆ کارێراسی بەرگریکاری چەپی ئیسپانی کردووە و دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئەگەر بەم ئاستە بەردەوام بێت، لەوانەیە بگاتە ئاستی ئەفسانەکانی یانەکە و پێیگوتووە "ئەوەی تۆ دەیکەیت نایابە، رۆبێرتۆ کارلۆس شانازی بەم گۆڵە دەکات".
 
کارێراس گۆڵی چوارەمی یارییەکەی تۆمارکرد و ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد، هەروەها رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە بردنەوەی کلاسیکۆدا بەرامبەر بەرشەلۆنە دوای ئەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو سنووری مەترسییەکانی ئەستێرەی لاوی ئیسپانی لامال یامالی کەمکردەوە.
 
ئەلڤارۆ کارێراسی بەرگریکاری چەپ، تەمەن 22 ساڵ، یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەکادیمیای ریال مەدرید، پێش ئەوەی لە سەرەتای ژیانیدا رووبکاتە مانچێستەر یونایتد، پاشان گرانادا و بێنفیکا، پێش ئەوەی ئەم هاوینە یانەی شاهانە بەبڕی 50 ملیۆن یۆرۆ بیگەڕێنێتەوە ریزەکانی..