هەولێر میوانداریی یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمی خولی نایابی بالەی عێراق دەکات
رووداو هەولێر
یەکێتیی بالەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا رۆژی سێشەممە یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی بالەی عێراق دەستپێبکەن و یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم لە هەولێر بەڕێوەدەچن.
یارییەکانی وەرزی نوێی خولەکە بەشێوازی چوار کۆمەڵە بەڕێوەدەچێت، هەریەک لە یانەکانی هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی و سۆلاڤ سێ تیپی نوێنەری کوردستانن لە خولەکەد، کە کۆمەڵەکان بریتیین لە:
کۆمەڵەی یەکەم: غازی جنووب، مقدادییە، حەدیسە و سۆلاڤ.
کۆمەڵەی دووەم: هەولێر، نەینەوا، ئەهوار و حەبانییە.
کۆمەڵەی سێیەم: مەسافی شیمال، نوعمانییە، سناعە و مەسافی ناوەڕاست.
کۆمەڵەی چوارەم: پێشمەرگەی سلێمانی، دەغارە، کوفە و هیت.
یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم کە یانەی هەولێر میوانداری دەکات لەنێو هوڵی ئەکاد عەنکاوە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچن، وەرزی ئەمساڵ یانەی هەولێر پێکهاتەیەکی بەهێزی بەکۆکردنەوەی یاریزانە ئاستبەرزەکانی کوردستان دروستکردووە و دەیەوێت رکابەرییەکی بەهێز بکات.
هاومەند فەتاح، یاریزانی یانەی هەولێر، لەبارەی ئامادەکارییان بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "خۆشحاڵم جارێکی دیکە گەڕامەوە ریزی یانەی هەولێر و دەمانەوێت ئەنجامێکی باش بەدەستبێنین. کاتێک یاریی بۆ تیپەکانی دەرەوەی کوردستان دەکەی لەڕووی دەروونییەوە ئاسوودە نیت و هەستدەکەی کە زۆرکات ستەمت لێدەکەن".
سێ ساڵە هۆڵی داخراوی فەرەنسۆ هەریری تێکدراوە و بووەتە کەلاوە، هێشتا روون نییە کەی هۆڵەکە دیمەنی راستەقینەی بەنۆژەنکردنەوەی دەگەڕێتەوە، هەولێر لەنێو ئەو کەلاوەیەدا راهێنان دەکات.
کاکەجوان رەمەزان، راهێنەری یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس روونیکردەوە "زۆر نیگەرانین کە لەنێو شوێنێک راهێنان دەکەین کە هیچ شیاو نییە بۆ وەرزشکردن، هێندە پیس و وێرانە رۆژانە دەبێت خۆمان فڵچە و ماسیحە بهێنین بۆ پاکردنەوەی تۆز و خۆڵی گۆڕەپانەکە".
هەولێر خاوەن نازناوێکی خولی نایابی بالەی عێراقە، دووجاریش بەشداری پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبی کردووە، بۆ وەرزی نوێ هاوشانی پێشمەرگەی سلێمانی دوو تیپی کوردی خولەکەن.